وەرگرتنى گەنمى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى کەرکووک دەستپێدەکات

لە ئەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنى گەنمى ئەو زەوییانەى کەرکووک دەکرێت کە لە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵین و زۆرینەى خاوەنەکانیان کوردن. رووبەرى ئەو زەوییانە زیاتر لە 250 هەزار دۆنمە.

حوزەیری 2, 2025 - 12:37
وەرگرتنى گەنمى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى کەرکووک دەستپێدەکات

عیسام عوبێدى، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە ئەمڕۆ دووشەممە 2ى حوزەیرانى 2025ەوە، دەست بە وەرگرتنى گەنمى زەوییەکانى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک دەکرێت و لە چوار سایلۆ گەنمەکانیان وەردەگیرێت."

بۆ ساڵى 2025، پێنج ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵدان بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.

 بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى کەرکووک رایگەیاند، "رووبەرى خەلەى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى لە کەرکووک 250 هەزار دۆنمە، کە بە هەمان نرخى گەنمى ناو پلانى کشتوکاڵى وەردەگیرێت."

 بەگوێرەى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.

 25ی ئایار وەرگرتنى گەنمى جووتیارانى کەرکووک کە لە نێو پلانى کشتوکاڵى بوو لە رێگەى سایلۆکانى وەزارەتى بازرگانى دەستیپێکرد کە رووبەرەکەى 560 هەزار دۆنمە، لەگەڵ گەنمى دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى کە دەگاتە زیاتر لە 800 هەزار دۆنم.

سەرچاوە: ڕووداو