بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستیپێکرد

بە بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چالاکییەکانی کۆنفرانسی حەوتەمی دیالۆگی نێودەوڵەتی بەغدا بە ناونیشانی "پەیوەندی لە پێناوی گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمی" دەستیان پێکرد. نێچیرڤان بارزانی لە گوتارێکدا جەختی لە گرنگی بنەمای هاوسەنگی، هاوکاری و بەرژەوەندی هاوبەش کردەوە.

شوبات 22, 2025 - 21:40
بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستیپێکرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە گوتی، "رابردووی عێراق فێری کردووین کە پەرەپێدان و پێشکەوتن بەدی نایەت تەنیا لە ژینگەیەکی سەقامگیر نەبێت. نابێت سەقامگیریی عێراق لە سەقامگیریی ناوچەکە جیابکرێتەوە؛ بۆیە پێویستە مامەڵە و دیدگامان لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی، میانڕۆیی، هاوکاری و بەرژوەندی هاوبەش بێت". سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە گوتارێکدا جەختی لە گرنگی دیالۆگ و رۆڵی دیپلۆماسیەتی کارای حکومەتەکەی کردەوە و ئاماژەی بە بەرهەمی ئەو سیاسەتە کرد. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، "بە گفتوگۆی جیدی و بەرپرسانە کۆتاییمان هێنا بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و چووینە پەیوەندی و هاوئاهەنگی ئەمنیی دوولایەنە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەشداربوون؛ لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەش لە دۆخێکی سیاسی و نێودەوڵەتی ئاڵۆز و گۆڕانکاری کە بە نزیکەیی رۆژانە سوپرایزی لەخۆگرتووە". نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ستایشی قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "قسەی دڵی منی کرد و دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی". محەممەد حەسان، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی گوتی، "تەنیا بۆ راستکردنەوە، پێم وایە قسەکانی سەرۆک نێچیرڤان تەنیا باسی هەرێمی نەکرد، بەڵکو قسەکانی کۆکراوەبوون و باسی زۆر بابەتی کرد کە بەنیازبووم باسیان بکەم، بۆیە دەنگم دەخەمە پاڵ قسەکانتان کە تازە ئاماژەتان بۆ کردن. قسەکان زۆر گرنگ بوون، مانا و واتای زۆریان هەڵگرتووە، هەموویان لە بەرژوەندی عێراق بوون. کۆنفرانسەکە لەلایەن رێکخراوی عێراقی بۆ دیالۆگ رێکخراوە، بۆ دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. کۆمەڵێک دۆسیە تاوتوێ دەکرێن کە رەنگدانەوەی پێشهاتەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتین. کارەکانی رۆژی یەکەم تایبەتن بە تاوتوێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و رۆڵی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی پڕۆژەکە دەبنەوە. سەرچاوە: ڕووداو