شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیمان کرد

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

شوبات 22, 2025 - 21:42
شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی: کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیمان کرد

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە، 22-02-2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کرا. بەگوێرەی راگەیێندراوە هاوبەشەکە "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر". شاندی پارتی، هۆشیار زێباری و شاندی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سەرۆکایەتییان دەکرد. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی "ئەرێنی" بووە و "تێبینیی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا". سەرچاوە: ڕووداو