بەغدا پارەی بۆ مووچەی مانگی شوبات خەرج کرد و سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناردنی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکەیان دەستی پێکرد.

وەزارەتەکە ئاشکرای دەکات، بڕی پارەکە (957،925،880،078) دینارە، هەمان ئەو بڕەیە کە خۆیان بۆ مووچەی مانگی شوبات داوایان کردبوو بەبێ هیچ لێبڕینێک خەرج کرا. بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، سبەی پێنجشەممە، 13-03-2025، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی ئادار، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "هەموو هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و دەستەکان و سەرۆکایەتییەکان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا لیستی مووچەی مانگی ئازار رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بکرێت".
ناردنی پارەی مووچەی مانگی شوبات، وەکو وەزارەتی دارایی دەڵێت، دوای دوو هەفتە کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕ بوو لەنێوان تیمی تەکنیکیی هەردوو وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی روونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هەبوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەپێی گشتاندن و رێنمایی لەدوای (10)ی هەموو مانگێک راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە دەکرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەم رۆژانەدا راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شوبات ئامادە دەکرێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەنزیکترین کاتدا".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وەزارەتی دارایی عێراق تریلیۆنێک و 26 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج کرد، بەڵام 70 ملیار دیناری بۆ مووچەی خانەنشینان دەگێڕدرێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. دوێنێ، سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، رۆژی چوارشەممە دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو لیستەی وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ کرد، هەمان لیستی مووچەی مانگی یەکە، کە بڕیارە بکرێتە بنەمای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی دیکەی ئەم ساڵ. دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، 5ـی مانگی دوو دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات. تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، بۆ ئەوەش حکومەتی عێراق دەڵێت، پارەی ناردووە و هەرێمی کوردستانیش رەتیدەکاتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو