دەوامی فەرمانبەرانی وەزارەتێک زیاد دەکرێت

تشرینی یەکەمی 20, 2025 - 14:23
دەوامی فەرمانبەرانی وەزارەتێک زیاد دەکرێت

بۆ راییكردنی  مامەڵەی حاجخوازانی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی درێژ دەكاتەوە و پشووی شەممەش هەڵدەگیرێت.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی  حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە: "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی تاوەكوو کاتژمێر 4ی ئێوارە درێژکردەوە و رۆژانی شەمەش دەوام دەکەن."

ئاماژەی بەوە داوە: "لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی حاجیانی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتسی حەج و عومرە، بڕیاریدا، کە دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە رۆژانە تاوەكوو کاتژمێر 4ی ئێوارە بەردەوام بێت."

 ئەوەشی  خستووەتە ڕوو: "هەروەها رۆژانی شەممەش، کەپشووی فەرمییە لە تەواوی دامودەزگا میرییەکان، بەڵام فەرمانبەرانی ئەو ئەوان پشووە نایانگرێتەوە و تا کۆتاییهاتنی مامەڵەی حاجیان تەواو دەبێت بۆ وەرزی حەجی 2026."

جەخت كراوەتەوە: "ئەم بڕیارەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەپێناو خزمەتی زیاتری هاووڵاتیانە، کە ناویان لە تیروپشک دەرچووە بۆ فەریزەی حەج تاوەکو بەزوورین کات مامەڵەکانیان ڕایی بکرێت و زۆرترین خزمەتگوزاری و کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان بکرێت."

دوای ئەوەی نزیكەی 90 هەزار كەس ناوی خۆیان بۆ پرۆسەی حەج تۆماركرد، رۆژی 16ی11ی2025 تیروپشك  بۆ ناوی حەجخوازان كرا.