لە گەرمیان چاندنی گەنم دەستیپێکرد

لە گەرمیان کێڵانی زەوی و چاندنی گەنم دەستیپێکرد. گوتەبێژی کشتوکاڵی سنوورەکە دەڵێ، دوای یەکەم باران خەڵک دەستیان بە چاندنی گەنم کردوە.

تشرینی یەکەمی 20, 2025 - 14:34
لە گەرمیان چاندنی گەنم دەستیپێکرد
ستار عەلی، گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: "لە یەکەم بارانی ئەم وەرزەدا لە ناوچەکانی باکووری گەرمیان 60 ملیمەتر باران باریوە و پەڵەی داوە، بەڵام هێشتا باشوورەکەی بارانی دەوێت".
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی گەرمیان بۆ رووداو، ساڵانە 319 هەزار دۆنم زەوی لە سنوورەکە بە گەنم دەچێندرێت و بەرهەمەکەی لەنێوان 150 بۆ 200 هەزار تۆن گەنمدایە.
 
گوتەبێژی کشتوکاڵی گەرمیان گوتی: "لەو ناوچانەی پەڵەی داوە و ئەوانەشی پەڵەی تەواوی نەداوە چاندنی گەنم دەستیپێکردووە، سرووشتی ناوچەکەمان وایە و ساڵانە پێش شارەکانی دیکە چاندن لە گەرمیان دەستپێدەکات".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەم ساڵ زۆرترین بنەتۆو لە سلێمانی دراوەتە جووتیاران، دواتر هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە.
 
بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، بە نرخی پاڵپشتیکراو 3 هەزار و 254 تۆن گەنمی بنەتۆو دراوەتە جووتیارانی پارێزگای هەولێر نرخی تۆنێکی بە 450 هەزار دینار، کە "هەر تۆنێکی 990 هەزار دینار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەوتووە".
 
بە هەمان نرخ، ئەم ساڵ لە سلێمانی 3 هەزار و 700 تۆن بنەتۆو دابەشکراوە، هاوکات لە دهۆک 2 هەزار و 320 تۆن و لە هەڵەبجە 222 تۆن بنەتۆ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشکراوە.
 
جگە لەو بنەتۆوەی دابەش کراوە، بەشێکی جووتیاران لە بەرهەمی ساڵی پێشوویان بنەتۆو ئامادە دەکەن و بەشەکەی دیکەش لە بازاڕەکاندا دەیکڕن، کە بنەتۆوی هاوردەیە.