پزیشکێکی ددان: دوای خواردنەوەی "خواردنەوە گازییەکان" یەکسەر ددانەکان نەشۆردرێن

پزیشکێکی نەخۆشییەکانی دەم و ددان هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەکر لەسەر تەندروستیی ددانی منداڵان و چەند رێنوێنییەک بۆ دایکان و باوکان دەخاتەڕوو بۆ پاراستنی ددانی منداڵەکانیان.

ايلول 11, 2025 - 19:24
پزیشکێکی ددان: دوای خواردنەوەی "خواردنەوە گازییەکان" یەکسەر ددانەکان نەشۆردرێن
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-9-2025 دکتۆر ناسک بەهرام  رایگەیاند، "کورتە ڤیدیۆ نیشانی منداڵان بدرێت کە شەکر دەبێتە هۆی کلۆربوونی ددان، ئەم رێگەیە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی منداڵان لە زیانەکانی شەکر تێبگەن و خۆیان لە خواردنی زۆری شیرینی بپارێزن."
 
هەروەها پزیشکەکە جەختی لەوە کردەوە، "رێکخستنی کات بۆ منداڵ بکرێت و هەموو رۆژێک شیرینی نەدرێت بە منداڵ." 
 
دکتۆر ناسک بەهرام، ئاماژەی بەوەشکرد، "شەکری گلوکۆز، فرەکتۆز و سوکەرۆز کە لەنێو شیرینییەکاندا هەن، نابێت منداڵ بیخوات." 
 
سەبارەت بە پاککردنەوەی ددانەکان دوای خواردنی شیرینی، پزیشکەکە روونیکردەوە، "ئەگەر شیرینی بەتەنیا بخورێت، ئاساییە یەکسەر ددان بشورێت، بەڵام ئەگەر خواردنەوە گازییەکان بخورێتەوە، دەبێت دوای یەک کاژێر ددانەکان بشورێن." هۆکارەکەشی ئەوەیە کە خواردنەوە گازییەکان ترشییەتی نێو دەم تێکدەدەن و ئەگەر یەکسەر ددانەکان بشورێن، دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە چینی مینای ددان.
سەرچاوە: ڕووداو