ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاندووە: "ئامانج لە دروستکردنی پارکەکان زیاترکردنی رێژەی سەوزایی هەولێرە، کە لە رووبەری 200 دۆنم زەویدا جێبەجێ دەکرێن."
سەروەر وەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێژەی سەوزایی لە سنووری شارەوانیی هەولێر، کە نێو شارە تاوەکو بازنەیی 150 مەتری، گەیشتووەتە 19.8%.
ئەو پێنج پارکەی دروست دەکرێن:
- پارکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر رووبەری 80 دۆنم زەوی، نزیکەی 8 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت. نزیکەی 70%ی کارەکانی تەواو بووە.
- پارکی رەشکین لەسەر رووبەری 47 دۆنم زەوی، 16 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت. 50%ـی کارەکانی تەواو بووە.
- پارکی گەڕەکی نازدار لەسەر رووبەری 4 دۆنم زەوی، 6 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و 80%ـی کارەکانی تەواو بووە.
- پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر رووبەری 7 دۆنم زەوی، 5 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، 70%ـی کارەکانی تەواو بووە.
- پارکی یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری، کە رووبەرەکەی 60 دۆنمە و کارکردن تێیدا بەردەوامە.
لە شاری ھەولێر 26 پارکی گەورە، 204 باخچەی بچووک، 209 دارستان، 163 دوورگەی ناوەندی و 109 نافوورە هەن.
سەرچاوە: ڕووداو