سەرۆک بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناخەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە

سەرۆک بارزانی لە یادی شۆڕشی ئەیلوول پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو شۆڕشە بۆ قۆناخەكانی دیکەی خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە. دەشڵێت، "ئەزموون و دەستكەوتەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان".

ايلول 11, 2025 - 11:48
ايلول 11, 2025 - 11:49
سەرۆک بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناخەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11-09-2025، لە یادی 64 ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، "شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن و لە ئەنجامدا دۆزی گەلی كوردستان قۆناخی گەورە ببڕێت".
 
لە پەیامەکەدا هاتووە، "ئەم شۆڕشە بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بناخەیەكی پتەوی بۆ تێكۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و گشت چینوتوێژەكان و پێكهاتەكانی كوردستان دانا، ئەویش لەپێناو بەرگریكردن لە دۆزی رەوا و مافەكانی خەڵكی كوردستان". 
 
سەرۆک بارزانی دەڵێت، "شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناخەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە و، ئەزموون و دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە مەزنە بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان". 
 
پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی 64 ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول:
 
شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەكی زێڕینی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەكداری و جەماوەریی كوردستان بوو كە هانی خەڵكی كوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەكی بەرفراوان هەنگاو بنێن و لە ئەنجامدا دۆزی گەلی كوردستان قۆناخی گەورە ببڕێت.
 
ئەم شۆڕشە بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا بناخەیەكی پتەوی بۆ تێكۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان و گشت چینوتوێژەكان و پێكهاتەكانی كوردستان دانا، ئەویش لەپێناو بەرگریكردن لە دۆزی رەوا و مافەكانی خەڵكی كوردستان. شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناخەكانی تری خەباتی گەلی كوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە و، ئەزموون و دەستكەوتەكانی ئەو شۆڕشە مەزنە بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان.
 
لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا دەستخۆشی و پێزانینم بۆ هەموو ئەو كادیر و پێشمەرگە و خەباتگێڕانە هەیە كە بە پێداگری و بوێری و ماندوویەتیی خۆیان مێژوو و شانازییان بۆ گەلەكەیان تۆمار كردووە. هەر لەم یادەدا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین.
 
مسعود بارزانی
11ـی ئەیلوولی 2025