کۆمیسیۆن: بڵاوکردنەوەی ژمارەی لیست و بەربژێرەکان قەدەخەیە
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، بڵاوکردنەوەی ژمارەی لیست و هاوپەیمانی و بەربژێرەکان، بەر لەوەی پەسند بکرێن، "قەدەخەیە".
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی راگەیاند، راگەیاندنی ژمارەی هاوپەیمانێتی، پارتە سیاسییەکان و بەربژێرە تاکەکان، بە واتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن نایەت.
جومانە غەلای هۆشداری دایە بەربژێر و لیست و هاوپەیمانییەکان و گوتی: " نابێت ژمارەی لیست یان بەربژێر بۆ هیچ جۆرێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێندرێت، تاوەکو دوای ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستی کۆتایی بەربژێرەکان پەسند دەکات و رێگە بە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەدات، بەپێچەوانەوە، کۆمیسیۆن رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرێتەبەر لەوانە دوورخستنەوە لە هەڵبژاردن".
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
بە گوێرەی کۆمیسیۆنی عێراق، 854 کەس خۆیان بەربژێر کردووە، هەروەها 76 بەربژێری تاک و سەربەخۆش هەن.
لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
سەرچاو: ڕووداو