نرخی نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 66 دۆلار دابەزی
رۆژی دووشەممە نرخی نەوت دابەزی و درێژەیدا بە دابەزینەکانی هەفتەی رابردووی خۆی کە 4٪ـی بەهای خۆی لەدەستدابوو.

رووسیا و ئەمریکا بڕیارە لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا ئەم هەفتەیە دانوستاندن بکەن، ئەگەری ئاگربەست رێگە بۆ گەڕانەوەی نەوتی رووسیا و لادانی سزاکانی ئەمریکا خۆش دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی نەوتی برێنت 52 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 66 دۆلار و 7 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 58 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 63 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان ترەمپ و پووتین لە ئالاسکا لە کاتێکدایە، پێشتر سەرۆکی ئەمریکا 12 رۆژ مۆڵەتی دابووە پووتین بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا بهێنێت و هەڕەشەی تووندکردنەوەی سزاکانی کردبوو.
تۆنی سایکامۆر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) رایگەیاند، "ئامارەکانی سبەی سێشەممە کە لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دادەنێن و ئەگەر هاتوو رێژەی هەڵاوسان بەرزببێتەوە، دەتوانن، نرخی نەوت بەرزبکەنەوە."
سەرچاوە: ڕووداو