نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 3375 دۆلار دابەزی

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان لەم هەفتەیەدا دابەزی. کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، خواستی بۆ زێڕ دابەزاندووە و بازرگانان چاوەڕێی ئامارەکانی پەیوەست بە نرخەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا دەکەن.

ئاب 11, 2025 - 09:10
نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بۆ 3375 دۆلار دابەزی

لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕێژەی 0.7٪ دابەزی و بە 3375 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی دهاتووشدا بەڕیژەی 1.5٪ دابەزی و بە 3439 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

مات سیمسن، شارەزای بازاڕە داراییەکان سەر بە سیتی بانک لەو بارەیەوە رایگەیاند، "کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان لەدوای ئەوەی کۆشکی سپی رایگەیاند 'دۆناڵد ترەمپ لە خاکی ئەمریکا لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە'، خواستی بۆ کڕینی زێڕ کەم کردووەتەوە."

بۆ کۆتاییێهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، ترەمپ و پووتین 15ـی مانگ لە ئالاسکا کۆدەبنەوە.

 رۆژی سێشەممە ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە کە چاوەڕوان دەکرێت هەڵاوسانی مانگانە 0.3٪ و ساڵانە 3٪ بەرزبووبێتەوە کە دوورە لە ئامانجەکانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.

 گۆڕانکارییەکان لە رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی بانکی فیدراڵیی ئەو وڵاتە لەسەر کەمکردنەوەی سوودی بانکی دادەنێت.

سەرچاوە: ڕووداو