ئەمریکا ڤیزەیەکی نوێ بەناوی 'کارتی زێڕین' دەفرۆشێت و نرخی 5 ملیۆن دۆلارە
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، پلانی هەیە جۆرە ڤیزەیەکی نوێی ئەمریکی بەناوی "کارتی زێڕین" بە کەسانی دەوڵەمەندی جیهان بفرۆشێت؛ نرخی ڤیزە نوێیەکەش 5 ملیۆن دۆلارە و هاوشێوەی کارتی سەوزی ئەمریکایە.

رۆژی چوارشەممە 26ی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی گوتی، "کارتێکی زێڕین دەفرۆشین. کارتی سەوزت دەبێت، ئەم کارتە کارتێکی زێڕینە. نرخی کارتەکەش نزیکەی 5 ملیۆن دۆلار دەبێت." ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی کارتی زێڕین دەکڕن، هەمان ئەو مافانەیان دەبێت کە هەڵگرانی کارتی سەوزی ئەمریکا هەیانە. بە گوتەی ترەمپ، فرۆشتنی کارتە نوێیەکە وادەکات کەسانی خاوەن کار روو لە ئەمریکا بکەن، "ئەوەش یارمەتیی کەمکردنەوەی کورتهێنانی داهاتی نیشتمانی" دەدات. سەرۆکی ئەمریکا ئامانجیەتی ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی رەوانەی وڵاتانی خۆیان بکاتەوە و دەڵێت، هەڵگرانی کارتی زێڕین دەتوانن لە داهاتوودا ببنە هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکا و ئاماژەی بەوەش دەکات، "کەسانێکی زۆر دەیانەوێت بێنە ئەم وڵاتە، هەروەها دەتوانن کار بکەن، کۆمپانیا دابمەزرێنن و کار بۆ کەسانی دیکەش دابین بکەن." لە دوو هەفتەی داهاتوودا فرۆشتنی کارتەکە دەستپێدەکات و ترەمپ پێشبینی دەکات ملیۆنان کارتی لەم شێوەیە بفرۆشن. سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی ئەوەشی کرد، دەکرێت کارتە نوێیەکە بە "کارتی ترەمپ" ناوببرێت و لەوبارەیەوە گوتی، "کەسێک پێی گوتووم: دەتوانین کارتەکە بە کارتی زێڕینی ترەمپ ناو ببەین؟ منیش گوتم: ئەگەر ئەم شتە سوودی دەبێت، ناوی ترەمپ بەکاربهێنن."
سەرچاوە: ڕووداو