گەنجێکی کورد لە سوێد: دەتوانین لەڕووی تەکنەلۆژییەوە پێشبکەوین ئەگەر بە تەنیاش بین
لاس نیاز نەجمەدین گەنجێکی کوردە و لە سوێد دەژی؛ ئەو لە زانکۆ ژیریی دەستکرد دەخوێنێت. پرۆژەیەکی هەیە بۆ لێکنزیککردنەوەی گەنجانی کورد لە کوردستان و دیاسپۆرا.

ئەو گەنجە کوردە تەمەنی 18ساڵە، لە بەرنامەی دیاسپۆرا باسی ژیانی خۆی کرد و گوتی، "لە کوردستان لەدایکبووم، دواتر بۆ ماوەیەکی کورت لە بەریتانیا ژیام. هەرچەندە تەمەنم زۆر بچووک بوو و هیچم لەبیر نییە، دواتر گەڕامەوە کوردستان. لە تەمەنی 8 - 9 ساڵییەوە هاتووم بۆ سوێد و لەو کاتەوە لێرەم." لاس باسی لە گرنگیی ژیریی دەستکرد و کاریگەریی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی کرد و گوتی، "زۆر حەز دەکەم خەڵکی کوردستان دەستپێبکەن و فێری ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای نوێ ببن. لە وڵاتانی وەکو سوێد و ئەمریکا و ئەورووپا بەردەوام خەریکی پێشخستنی تەکنەلۆژیان و یارمەتییەکی زۆریان هەیە. بۆ نموونە، ماوەیەک لەمەوپێش گووگڵ سیستمێکی بەناوی (ئەڵفافۆڵد) دروستکرد، کە یارمەتیدەرە پڕۆتینەکان دروست بکرێنەوە." بە گوتەی لاس، ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەریی گەورەی لەسەر بواری پزیشکی هەبووە، "بە یارمەتیی ئەڵفافۆڵد، زاناکان توانیویانە پڕۆتینەکان پێشانی پزیشکان بدەن و دەرمان و چارەسەری نوێ دروست بکەن. ئەمە تەنیا یەک نموونەیە لە سەدان بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد." سەبارەت بە چۆنێتیی دەستپێکردن لە کوردستان، لاس پلانێکی روونی خستەڕوو و گوتی، "پێویستە لە سەرەتاوە گەنجان فێری زمانی پایسۆن (Python) ببن. لە زانکۆکانیش دەبێت ئەم بابەتانە فێری خوێندکاران بکەن، چۆن لە بیرکاری تێبگەن و چۆن دەتوانن کار لەگەڵ ژیریی دەستکرد بکەن. دواتر دەتوانن ئەم زانیارییانە بەکاربهێنن بۆ کۆمپانیاکان، نەخۆشخانەکان، یان یارمەتیدانی حکومەت." لەبارەی ئەگەری دووبارەکردنەوەی ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە کوردستان، لاس بە گەشبینییەوە دەڵێت، "راستە سوێد و وڵاتانی ئەورووپا زۆر لە پێشەوەن لە تەکنەلۆژیادا، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەکرێت ئێمەش پێشبکەوین. تەنانەت ئەگەر خۆت بە تەنیاش کار لەسەر ئەم بوارە بکەیت هەر دەکرێت. لە رێگەی یوتیوب و گووگڵ و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە دەتوانیت فێر ببیت." لە درێژەی قسەکانیدا ئەو گەنجە کوردە گوتی، "گرنگ ئەوەیە بزانین چی پێویستە فێری ببین و کات و وزە و سەرچاوەی پێویستی بۆ تەرخان بکەین. دەتوانین خێرا بگەینە ئەو ئاستەی دەمانەوێت و سەنتەری تایبەتمان هەبێت بۆ پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد." سەبارەت بە پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2025، لاس ئاماژەی بەوەدا کە کێبڕکێیەکی گەورە لە نێوان کۆمپانیا بەهێزەکان دروست دەبێت، "لەم ساڵەدا بینیمان کە گووگڵیش هاتووەتەوە ناو کێبڕکێکە. ئەمە کێبڕکێیە بۆ ئەوەی کێ باشترین ژیریی دەستکرد دروست دەکات. بەڕای من کێبڕکێیەکی توند لە نێوان کۆمپانیا گەورەکان و کۆمپانیاکانی وەک ChatGPT دروست دەبێت." لاس جەختی کردەوە کە لە ساڵی 2025دا چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە ژیریی دەستکرد هەرزانتر و خێراتر بەردەست بێت. "تەنانەت ئیڵۆن مەسکیش ژیریی دەستکردی خۆی دروست دەکات و دەیەوێت بێتە ناو ئەم بوارەوە. خەڵکی زیاتر دەتوانن وەک دیپسیک بەکاری بهێنن و کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن بە شێوەیەکی هەرزانتر و خێراتر خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکەن."
سەرچاوە: ڕووداو