توێژینەوەیەک: 10 خولەک راکردن 12 ساڵ گەنجترت دەکاتەوە
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەوانەی هەفتانە لانیکەم 75 خولەک رادەکەن، پیربوونیان دوادەکەوێت و گەنجتر دەبنەوە.
لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی ناوەندی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ زانیارییە بایۆتەکنەلۆژییەکان بەکارهات و چوار هەزار و 400 کەس بەشداربوون، دەرکەوت؛ 10 خولەک راکردنی رۆژانە دەشێت 12 ساڵ مرۆڤ گەنجتر دەربخات.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی رۆژانە نزیکە 10 خولەک رایان کردووە، ئەو بەشەی سەر کڕۆمۆسۆمەکانیان {تیلۆمەرەکان} کە بەرپرسە لە پیربوون، درێژتر بوونەتەوە بەمەش پڕۆسەی پیربوونی خانە و ئەندامەکانیان دواخستووە.
تیلۆمەر پارچەیەکەی شێوە دەزوولەیی کۆتایی کڕۆمۆسۆمەکانە، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن درێژییان کورت دەبێتەوە، بەڵام چەند هۆکارێک هەن کە خێرایی کورتبوونەوەیان خاو بکەنەوە.
کریستینا بلاکمۆن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: لەو گرووپە خەڵکەی کە هەفتانە 75 خولەک رایان کردووە، تەمەنی بایۆلۆژییان 12 ساڵ گەنجتر بووە لە تەمەنی ئاسایی خۆیان.
بەپێی دەزگای کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDCـی ئەمریکی و دامەزراوەی تەمەندرێژیی نێودەوڵەتی، ئەمانەی خوارەوە دەشێت رێگەکانی تەمەندرێژی بن؛
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- کەمکردنەوەی خوێ و چەوری
- بایەخدان بە خۆراکە دەریاییەکان
- خواردنی خۆراکە گەڵا سەوزەکان
- چالاکیی جەستەیی
- کێشڕێکی
- مانەوە لە ژینگەی خاوێن
- کۆنتڕۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- بایەخدان بە پشکنینی پێشوەختە
- رێکخستنی خەو
- کاریگەریی بۆماوەیی
سەرچاوە: ڕووداو