لەبەر ئەم سوودانە ئارەقە بکەرەوە
وەرزی هاوینە و ئارەقکردنەوە بە گەرمابوون باوە، لای هەندێک کەسیش ئارەقکردنەوە بووە بە مۆتەکەیەک، چونکە هەموو کات گەرمایانە و ئارەقەکردنەوەیان ئامادەیە. ناوەندێکی ئەمریکیش رایدەگەیێنێت، ئەوە پڕۆسەیەکە دەشێت بۆماوەییانە یاخود هەرلە لەدایکبوونەوە بێت و کەسەکە ئارەقاوی دروست ببێت.
بەگوێرەی ناوەندی کلڤیلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، هەندێک کەس هەر لە لەدایکبوونەوە پێستیان وایە کە زۆر ئارەقە دەکاتەوە. ئەوەش باس دەکات، مرۆڤ لە کاژێرێکدا 1 بۆ 1.5 لیتر ئارەقە لەکاتی وەرزشدا دەردەدات، قەڵەوەکان زۆر زیاتر.
باوترین سوودەکانی ئارەقەکردنەوە ئەمانەن؛
فێنککەرەوەیە؛ پلەی گەرمیی جەستە هاوسەنگ دەکات و ناهێڵێت پلەی گەرمیی ناوەکیی جەستە بەرز ببێتەوە.
شێدارکەرەوەیە؛ شێداری بە پێست دەبەخشێت و ناهێڵێت وشک ببێتەوە.
دژەبەکتریایە؛ پێست لە میکرۆبەکان دەپارێزێت و رێگرییان لێدەکات کە بچنە نێو جەستە.
ژەهرەکان پاک دەکاتەوە؛ رێگەیەکی کەمکردنەوەی کانزا و مادە زیادەکانی جەستەیە، بەمەش پەستانی کەمتر دەخرێتە سەر گورچیلەکان بۆ پاککردنەوەی ئەو مادانە.
ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە کەم دەکاتەوە؛ چونکە خوێیەکی زۆر دەردەدرێت و ئەرکی گورچیلە بۆ پاککردنەوەی خوێی جەستە سووکتر دەکات.
ئاوەز و خەو خۆش دەکات؛ ئەوانەی رۆژانە وەرزش دەکەن خەوێکی خۆشیان هەبووە و ئاوەزیشیان لە کایەکانی ژیاندا باش بووە.
سەرچاوە: ڕووداو