وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دانوستاندن لەگەڵ ئەورووپییەکان رۆژی هەینی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ئێران و سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015، رۆژی هەینی لە شاری ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت.

تەمووزی 21, 2025 - 13:16
وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دانوستاندن لەگەڵ ئەورووپییەکان رۆژی هەینی لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت

رۆژی دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، تاران داوای فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیای بۆ بەڕێوەچوونی گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی پەسندکردووە.

 ئیسماعیل بەقایی گوتی، "لە وەڵامی داواکاریی وڵاتانی ئەورووپیدا، ئێران رازی بووە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لەگەڵ نوێنەرانی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەی ئەندام لە رێککەوتنی ئەتۆمی دەستپێبکات."

 بە گوتەی بەقایی، دانوستاندنەکان رۆژی هەینی، 25ی تەمموز لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا و لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکان بەڕێوەدەچێت و مەجید تەخت رەوانچی و کازم غەریبئابادی، جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران تێیدا ئامادە دەبن.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، دانوستاندنەکانی نێوان لایەنەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەبێت. رۆژی یەکشەممە ئاژانسەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) لەسەر دەستپێکردنی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان رێککەوتوون و هەفتەی داهاتوو لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران کۆدەبنەوە.

فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، سێ وڵاتی ئەورووپیی بەشدار لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانی ساڵی 2015، داوایان لە ئێران کردووە، بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان و هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

 ئەو سێ وڵاتە هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە، ئەگەر تاوەکو پێش کۆتاییهاتنی مانگی 8ی ئەم ساڵ لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەگەنە رێککەوتن، هەموو سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەگەڕێننەوە کە 10 ساڵ پێش ئێستا و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و گرووپی 5+1 هەڵگیران.

سەرچاوە: ڕووداو