پاشماوەی شیردەرێکی 74 ملیۆن ساڵە لە چیلی دەدۆزرێتەوە
زانایان پاشماوەی شیردەرێکی بچووکیان بە قەبارەی نزیکەی مشکێک دۆزیوەتەوە کە لە سەردەمی دایناسۆرەکاندا لە پاتاگۆنیای چیلی ژیاوە.

ئەو گیانلەبەرە کە ناوی زانستی (یوتیریەم پرێسۆر - Yeutherium pressor)ـە، کێشی لە نێوان 30 بۆ 40 گرام بووە و لە ماوەی کریتاسیۆسی سەروودا ژیاوە. ماوەی کریتاسیۆسی سەروو نزیکەی 74 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەکات. ئەوە بچووکترین شیردەرە کە تاوەکو ئێستا لەو ناوچەیەی ئەمریکای باشوور دۆزرابێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە ناوچەکە بەشێک بووە لە وشکانییەکی کیشوەری ناسراو بە گۆندوانا.
هانز پوشێل، کە سەرپەرشتی تیمی زانایانی زانکۆی چیلی و ناوەندی توێژینەوەی میلینیۆمی چیلی بۆ شیردەرە سەرەتاییەکانی کردووە، رایگەیاند "پاشماوەکە پێکهاتووە لە پارچەیەکی بچووکی شەویلگە لەگەڵ ددانێکی کاکیلە و کڕاون و رەگی دوو ددانی تری کاکیلە".
دۆزینەوەکە ئەم مانگە لە گۆڤاری زانستیی بەریتانی بەناوی "Proceedings of the Royal Society B" بڵاوکراوەتەوە. توێژەران پاشماوەکەیان لە دۆڵی ریۆ دێ لاس چیناس لە هەرێمی ماگایانێسی چیلی دۆزیوەتەوە، کە نزیکەی سێ هەزار کیلۆمەتر لە باشووری سانتیاگۆی پایتەختەوە دوورە.
سەرەڕای لێکچوونی لەگەڵ جرجێکی بچووکدا، "یوتیریۆم پرێسۆر" شیردەرێک بووە کە پێدەچێت وەکو سەگی ئاوی هێلکەی کردبێت یان هاوشێوەی کەنگەر بێچووەکانی لەناو کیسەیەکدا هەڵگرتبێت.
شێوەی ددانەکانی ئاماژە بەوە دەکات کە پێدەچێت سەوزەواتی خواردبێت. هەروەک دایناسۆرەکان کە هاوسەردەمی بوون، ئەو شیردەرە بچووکەش لە کۆتایی ماوەی کریتاسیۆسدا، نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، بە شێوەیەکی کتوپڕ لەناوچوو.
سەرچاوە: ڕووداو