رۆژنامەڤانێکی کورد دەبێتە دەنگدەری خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبی ئەمریکی

مەنسوور جیهانی، رۆژنامەڤانی کورد، وه‌کوو یه‌کێک له دەنگدەران بۆ 83ـەمین خولی خه‌ڵاته‌کانی گۆڵدن گڵۆبی 2026 له ئه‌مه‌ریکا دیاریکرا.

ئاب 5, 2025 - 10:07
رۆژنامەڤانێکی کورد دەبێتە دەنگدەری خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆبی ئەمریکی

مەنسوور جیهانی، بە رووداوی راگەیاند، لەلایەن تیم گرێی، جێگری جێبه‌جێکاری سه‌رۆکی خه‌ڵاته‌کانی گۆڵدن گڵۆب بۆ ئەرکە بانگهێشتکراوە. پێشتر له 2023، 2024 و 2025 له راپرسی رخنه‌گرانی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی کان لە فەرەنسا، دادوه‌ریی ماڵپه‌ڕی سینه‌مایی "IndieWire"ـی ئه‌مه‌ریکا بووه.

رێوڕەسمی 83یەمین خولی دابەشکردنی خه‌ڵاته‌کانی گۆڵدن گڵۆب یه‌کێکه له گرینگترین خه‌ڵاته‌کانی بواری فیلم و تەلەڤزیۆنە له ئه‌مه‌ریکا و جیهاندا. مەنسوور جیهانی، بە رووداوی راگەیاند: "وه‌کوو ته‌نیا کوردێکی ده‌نگده‌ر، ئاماده دەبم".

 ده‌نگده‌رانی گۆڵدن گڵۆب له 387 رۆژنامه‌ڤانانی به‌ئه‌زموونی بواری سینه‌ما و تەلەڤزیۆن له سه‌رتاسه‌ری دنیا پێکهاتوون که به درێژایی ساڵ، چالاک بوون و له فێستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی فیلمدا به‌شدارییان کردووە که دوای لێکۆڵینه‌وه‌‌ی ورد و هه‌ڵسه‌نگاندنی کۆتایی ده‌بنه دەنگدەر بۆ خەڵاتەکە.

گۆڵدن گلۆب، بەرهەمە گرنگەکانی بواری سینەما، تەلەڤزیۆن و پۆدکا‌ست خەڵات دەکات. بڕیارە خولی داهاتووی رێوڕەسمەکە له کانوونی دووەمی 2026 له لۆس ئەنجلسی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌بچێت.

 مەنسوور جیهانی، به‌کالۆریۆسی لە پەیامنێریی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر له زانکۆی هه‌واڵی تاران هەیە، هەروەها ده‌رچووی خولی فێرکاریی "خوێندنه‌وه‌کانی فیلم: بیرۆکه، ر‌خنه و شیکردنه‌وه"ـی کۆلێژ‌ی نه‌ته‌وه‌یی سینه‌مای ئێرانه له 2018 له ژێر چاودێریی کۆمه‌ڵێک بیرمەند و رخنەگرانی نێوداری سینەمای ئێران و جیهان.

 جیهانی، ئەندامی فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسانە لە بەلژیکا، ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسانی ئێران، ئەنجومەنی رخنەگران و نووسەرانی سینەمای ئێران، ئەندامی کارای ئەنجومەنی نووسەران، پەیامنێران و فۆتۆگرافەرانی وەرزشیی ئێران و ئەندامی ده‌سته‌ی ئەنجومەنی سه‌رتاسه‌ری رخنەگران، نووسەران و توێژه‌رانی شانۆی ئێرانە.

هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی رۆژنامەنووسانی وەرزشیی سویسرا، ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان، ئەندامی بنکەی دیزاینەران و بەڕێوەبەرانی ریکلامی سینەمای ئێران و ئەندامی بنکەی توێژەرانی ماڵی میوزیکی ئێرانە. خاوه‌نی خەڵاتی رۆژنامەڤانیی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆرییە لە سوێد.

 ئەو رۆژنامەڤانە کوردەی رۆژهەڵاتی کوردستان، له ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوودا هەواڵ و زانیاریی لەبارەی فێستیڤاڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی فیلم وەک؛ کان، به‌رلین، ڤێنس، سان سێباستیان، زۆریخ، پووسان، ئێدفا، سانده‌نس و چەندین فێستیڤاڵی دیکە بۆ میدیاکانی کوردستان، ئێران، رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان گواستووەتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو