راپۆرتێک: میلانیا چەندین ساڵە راوێژکاری نهێنیی سیاسەتەکانی دەرەوەی ترەمپە
لە شەڕی ناوخۆی سووریاوە تاوەکو هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا؛ میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا، "کاریگەرییەکی گەورە"ی هەبووە لەسەر دیاریکردنی سیاسەتەکانی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

رۆژی دووشەممە، 04ی ئابی 2025، رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە کاریگەرترین راوێژکارەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە ئەندامی حکومەتەکەی نییە، میلانیای هاوژینییەتی.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، خانمی یەکەمی ئەمریکا، میلانیا ترەمپ، هەژموونێکی فراوانی لەسەر سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا هەبووە، بەتایبەتی لە پرسەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا تاوەکو دەگاتە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.
هەروەها رۆژنامە بەریتانییەکە، ئاماژە بەوە دەکات رۆڵی میلانیا لە سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا لە پشت پەردەوە بووە. بەپێی راپۆرتەکە ئینگلیزییەکە؛ لە گەڕی یەکەمی سەرۆکایەتی لە ساڵانی 2017 بۆ 2021، میلانیا هۆکارێکی سەرەکی بووە لەپشت بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی سووریا ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی کیمیایی رژێمی ئەسەد دژی خەڵکی سڤیلی سووریا.
ئەمە یەکەمجار بوو کە ئەمریکا راستەوخۆ هێرش بکاتە سەر سوپای ئەسەد.
رۆژنامەی تەلەگراف بڵاویکردووەتەوە، هەڵوێستی میلانیا لەسەر دۆخی سوریا هۆکارێکی سەرەکی بووە کە بڕیارەکەی ترەمپی داڕشتووە. بەرپرسێکی پێشووی کۆشکی سپی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: "ئەوکات و لەکاتی بینینی وێنە و ڤیدیۆی گیانلەدەستدانی منداڵاتی سووریا لە هێرشە کیمیاوییەکەی خان شەیخوون، میلانیا زۆر خەمبار و شۆک بووە".
دواتر میلانیان گوشار لە هاوژینەکەی دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە پێویستە هەڵوێستیان هەبێت.
لە گەڕی دووەمی سەرۆکایەتییدا، رەخنەکانی میلانیا لە ڤلادمیێر پووتین سەرۆکی رووسیا، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی بە هاوژینەکەی داوە، کاریگەریی هەبووە لەسەر گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکادا.
لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ترەمپ، پووتین ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. بەڵام لە زۆربەی کاتدا، پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و پووتین هاوکات بوون لەگەڵ فراوانبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا. پووتین تائێستا هەموو پێشنیازێکی ئاگربەستی لەلایەن ترەمپەوە رەتکردووەتەوە و لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوامە.
مانگی تەممووزی رابردوو، ترەمپ رایگەیاند "دەچمەوە ماڵەوە، بە خانمی یەکەم دەڵێم: 'ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ ڤلادیمیر کرد. گفتوگۆیەکی نایابمان هەبوو'. ئەویش دەڵێت: 'ئا بەڕاست؟ تازە هێرش کرایە سەر شارێکی دیکە." ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە لەوکاتەوە گۆڕانکارییەکی دیار لە شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ دا لەگەڵ شەڕی ئۆکرانیا دەرکەوت و هەتا رایگەیاند چەکی قورس بۆ سوپای ئۆکراینا دابین دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ لە کاتی گۆڕینی هەڵوێست و لێدوانەکانی لەبارەی جەنگی غەززەوە و دۆخی مرۆیی ئەو کەرتە و قەیرانی مرۆیی و برسێتی ئاماژەی بە رۆڵی میلانیا کردووە
. لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "ئەو پێیوایە کارەساتە. هەمان ئەو وێنانە دەبینێت کە ئێوە و هەموومان دەیبینین. هەموو کەسێک، مەگەر زۆر دڵڕەق بێت یان خراپتر لەوە، شێت بێت. هیچ شتێک نییە بیڵێیت، جگە لەوەی کە هەستێکی ترسناکە کاتێک دۆخی منداڵەکان دەبینیت."
سەرچاوە: ڕووداو