کچە کوردێکی مهاباد راهێنەری گوڵدووزییە و وێنەی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنێت
سوهەیلا هونەرمەندێکی شاری مهابادە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە نازناوە هونەرییەکەی شەوبۆیە، کاری گوڵدووزی دەکات، واتە هونەری نووسین و وێنەکێشان لە سەر قوماش.

سوهەیلا رەدە، هونەرمەند دەڵێت: "کاری گوڵدووزی دەکەم و راهێنەری گوڵدووزیم. زیاتر لە سێ ساڵە خەریکی ئەو کارەم. هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە کاری دەستی و هونەری هەبوو، هەر بۆیە بڕیارم دا کارێک هەڵبژێرم، هەم تواناییم تێدا هەبێت و هەم بەهرەکانی خۆمی تێیدا بە دیار بخەم".
سوهەیلا لە منداڵییەوە خولیای کاری دەستیی بووە. سێ ساڵە بە شێوەیەکی جیاواز کاری گوڵدووزی دەکات و پێی وایە ئەو کارە پێشتر زۆر بووە، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوە.
سوهەیلا رەدە دەڵێت: "کارەکەی من لە سۆشیاڵ میدیایە و بەشێوەی ئۆنڵاین کارەکانم دەفرۆشم." پاڵپشتیی خەڵک بۆ سوهەیلا، وای کردووە جگە لە گوڵدووزییەکەی، لە رێگەی ئۆنڵاینەوە فێرخوازان فێری هونەرەکە بکات.
شەوبۆ دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم کە خەڵکی ئێمە بایەخ بە کاری دەستی و هونەری دەدەن و بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی من بوون. ئەوەش وا دەکات من هەموو رۆژ پڕ وزەتر لە کارەکەم بەردەوام بم و سەرکەوتوو بم".
سوهەیلا بەپێی خواستی ئەو کەسانەی کارەکانی ئەو دەکڕن، وێنە دەنەخشێنی و هونراوەیان بۆ دەنووسێ. ئەو لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کارەکانی نمایش دەکات و بەم شێوەیە کارە دەستییەکەی دەفروشێت.
سەرچاوە: ڕووداو