گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق؛ 30%ى گامێشەکان و 95%ى ماسیی زۆنگاوەکان لەنێوچوون

لە عێراق ساڵێک پڕ باران و چوار ساڵ بێ بارانییە، بەگوتەى راوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، عێراق تەنیا هەنگاوێک لە وشکەساڵییەوە دوورە. زۆربەى کاریگەرییەکانى ئەو دۆخە لەسەر زۆنگاوەکانە، سەرۆكی رێکخراوێکى ژینگەیی دەڵێت، "ئەو ناوچانە 30%ـی گامێشەکان و 95%ـی ماسییەکانى لەنێوچوون."

شوبات 28, 2025 - 11:28
گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق؛ 30%ى گامێشەکان و 95%ى ماسیی زۆنگاوەکان لەنێوچوون

گۆڕانى کەشوهەوا و کاریگەرى لەسەر عێراق، مشتومڕى گەرمى سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر بوو، دۆخى کشتوکاڵ، کۆچى گوندنشینان، وشکەساڵى و کەمئاوى ئاڵنگارى پێشبینیکراو بوون بۆ عێراق کە 27ـی شوبات لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان ئەنجام درا.

 تۆرهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو لە بەشداریکردنى لەو پانێڵە دا گوتى، "15 ساڵ پێش ئێستا، ساڵێکى باراناوى و ساڵێک کەم بارانى لە عێراق هەبوو، ئێستا یەک ساڵى باران و چوار ساڵ کەمبارانی هەیە، ئێستا عێراق لە وشکەساڵیدا نییە، بەڵام تەنیا یەک هەنگاو لێیەوە دوورە."

پشکى شێرى کاریگەریی گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق بەر گوندەکان کەوتووە، کۆچى گوندنشینانى بۆ شارەکان زیادکردووە. بەگوێرەى ئەنجامی سەرژمێریی گشتیى دانیشتووان، 70.17٪ـی عێراق شارنشین و 29.83٪ گوندنشینن، رێژەکە لە هەرێمى کوردستان جیاوازە، 84.57٪ هاونیشتمانییانى لە شارن و 15.43٪ـی گوندنشینن.

جاسم ئەسەدى، سەرۆك و دامەزرێنەری رێکخراوی سرووشتیی عێراق کە یەکێک بوو لە بەشدارانى پانێڵەکەی نێو کۆڕبەندی هەولێر، ئاماژەى بەوەدا، سەختترین وشکەساڵى لە کۆتایی 2020 دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ئەو بە وشکەساڵییەکى "تۆقێنەر" ناوى برد. جاسم ئەسەدى گوتى، "نزیکەى 30%ـی گامێشەکانمان لە زۆنگاوەکان لەدەستدا، 95%ـی ماسییەکانى ئەو ناوچانە لەنێوچوون، هەندێکجار بەخێوکارانى گامێش لەنێو خودى زۆنگاوەکان پێنج جار لە ساڵێکدا کۆچ دەکەن، کۆچێکى مەترسیدارى دیکە هەیە کە دەچنە شارەکانى کوت و کەربەلا و بابل و نەجەف".

گۆڕانى کەشوهەوا عێراقى کردووەتە یەکێک لەو پێنج وڵاتانەى جیهان کە زۆرترین کاریگەریی ئەو دۆخەى لەسەر دەبێت. بۆ ساڵى 2025، لە عێراق پێنج ملیۆن دۆنم زەوى رێگەپێدراوە بۆ چاندن، ئەوەش کەمتر لە نیوەی ئەو رووبەرەیە، کە پێشتر رێگەی پێدەدرا.

 سەرچاوە: ڕووداو