ترەمپ: ئیسرائیل لەسەر مەرجەکان بۆ ئاگربەستی غەززە رازی بووە

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ئیسرائیل رەزامەندی لەسەر مەرجە پێویستەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئاگربەستێکی 60 رۆژە لە غەززە دەربڕیوە و لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

تەمووزی 2, 2025 - 11:40
ترەمپ: ئیسرائیل لەسەر مەرجەکان بۆ ئاگربەستی غەززە رازی بووە

بڕیارە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات. پێش کۆبوونەوەکە سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "زۆر پێداگر" دەبێت لەگەڵ نەتەنیاهوو لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ. 

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "قەتەرییەکان و میسرییەکان، کە هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ یارمەتیدان لە هێنانەدیی ئاشتی، ئەم پێشنیازە کۆتاییە دەگەیێننە [حەماس]. هیوادارم، لەپێناو بەرژەوەندیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، حەماس ئەم رێککەوتنە قبووڵ بکات، چونکە دۆخەکە باشتر نابێت، بەڵکو تەنیا خراپتر دەبێت."

تاوەکو ئێستا ئیسرائیل پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە رەزامەندی لەسەر مەرجەکانی رێککەوتنەکە دەربڕیوە، هاوکات هیچ لێدوانێکیش لەلایەن حەماسەوە نییە.

 هەر رۆژی سێشەممە، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت، پێی وایە ناتانیاهۆ دەیەوێت کۆتایی بە دووژمنایەتییەکان لە غەززە بهێنێت و، "پێم وایە هەفتەی داهاتوو رێککەوتنێکمان دەبێت." ئەگەر رێککەوتنەکە بکرێت و حەماس رازی بێت، ئەوا کۆتایی بە جەنگێکی زیاتر لە 20 مانگی دەهێنن کە وێرانکارییەکی زۆری لە غەززە ناوەتەوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 56 هەزار کەس کوژراون.

 جەنگەکە بە هێرشی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد کە 1200 ئیسرائیلی کوشتن و زیاتر لە 250 کەسی بە بارمتە گرت. ئێستا نزیکەی 50 بارمتەی ئیسرائیلی هێشتا لە غەززەن کە وا بڕوا دەکرێت لانیکەم 20 کەسیان لە ژیاندا مابن. حەماس ماوەیەکی درێژە داوای ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوەتیی ئیسرائیل لە غەززە دەکات.

هەفتەی رابردوو، بەرپرسێکی باڵای حەماس بە بی بی سی گوتبوو، لایەنە نێوەندگیرەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ نێوەندگیریی ئاگربەستێکی نوێ و رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، بەڵام دانوستانەکان لەگەڵ ئیسرائیل هێشتا وەستاون. ئیسرائیل لە چەندین بۆنەدا رایگەیاندووە کە جەنگەکە تەنیا کاتێک کۆتاییدێت، حەماس بە تەواوی هەڵبوەشێنرێتەوە.

 پۆستەکەی ترەمپیش لەسەر ئاگربەست دوای ئەوە دێت، ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردنی بۆ ناوچەکانی باکووری غەززە دەرکردووە وەک ئامادەکارییەک بۆ زیادکردنی کردەوە سەربازییەکانی. لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەشدا ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی غەززە هەبوو کە بەلایەنی کەمەوە 20 کەس کوژران.

رێککەوتنی ئاگربەستی پێشوو لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا کە لە 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ دەستیپێکرد و بۆ سێ قۆناخ دانرابوو، تەنیا قۆناخی یەکەمی بڕی و جەنگ دەستیپێکردەوە. قۆناخی دووەم بریتی بوو لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی هەمیشەیی، گەڕاندنەوەی بارمتە زیندووەکان لە غەززە لە بەرامبەر ئەو فەڵەستینییانەی لە ئیسرائیل زیندانیکراون و، کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە.

سەرچاوە: ڕووداو