وردەکاریی کەوتنەخوارەوەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە سلێمانی
شەوی رابردوو دوو درۆن لە سلێمانی کەوتوونەتەخوارەوە، یەکێکیان لە تاسڵوجە کەوتووەتەخوارەوە؛ تاوەکو ئێستاش روون نەبووەتەوە کێ و لە کوێوە و بە چی مەبەستێک درۆنەکان ئاراستە کراون.

رێباز تاهیر، شایەتحاڵ ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە لە ماڵ دانیشتبووین، دەنگێکی زۆر بەرز هات، ماڵەکەمان نزیک بوو، کەمێک سەقفەکەی زیانی بەرکەوت." لە فەرماندەیی هێزەکانی 70 لە سلێمانی-یش درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کەوتەخوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، درۆنەکە لەنێوان بارەگای هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆر کەوتووەتەخوارەوە و هیچ زیانێکی نەبووە. عوسمان غەفوور، شایەتحاڵ ئەوەی خستەڕوو، "دەنگێکی زۆر گەورەی هەبوو، کە هاتمە دەرەوە بینیم دووکەڵ و ئاگر بە ئاسماندا دەچن."
سەبارەت بەو درۆنەی لەنێو فەرماندەیی هێزەکانی 70 کەوتووەتەخوارەوە؛ ئەحمەد لەتیف، گوتەبێژی هێزەکە بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تێکمان شکاندووە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی نەبووە." ئەحمەد عەزیز، شایەتحاڵ گوتی، "ماڵمان نزیکە، ناڵەیەکەی پیسی هەبوو." میرکۆ دڵشاد، شایەتحاڵ باسی لەوە کرد، "کەس هیچی لێ نەهاتووە، بەڵام خەڵکەکە ترساون."
شایەتحاڵێکی دیکە بەناوی دواڕۆژ تەها گوتی، "یەک کیلۆمەتر دوور بووم، بەڵام دەنگەکەی زۆر گەورە بوو." سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەدان بۆئەوەی ئاشکرای بکەن ئەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوە هی کێن و لە کوێوە ئاراستە کراون."
جگە لە سلێمانی، لە دوو رۆژی رابردوودا بە درۆن و مووشەک فڕۆکەخانەی کەرکووک و کەمپی دەرکارێ لە زاخۆ کراونەتە ئامانج؛ تاوەکو ئێستاش بکەری هیچیان ئاشکرا نەکراوە.
سەرچاوە: ڕووداو