هەولێر و بەغدا هیچ نووسراوێکیان لەبارەی رادەستکردنی نەوت واژۆ نەکردووە
هیچ رێککەوتنێکی نووسراو لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆ نەکراوە.

سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەممووزی 2025 بە رووداوی گوت، رێککەوتن واژۆ نەکرا، چونکە شاندەکان لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر هەموو خاڵەکان نەگەیشتنە ئەنجام. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "لە کۆی 10خاڵی نووسراو لەسەر نیوەیان هاوڕا بووین.
ئەوەی زۆر ناکۆکیی لەسەر بوو، بریتی بوو لە تێچووی بەرهەمهێنان و دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەغدا ئامادە نییە پارەی دەرهێنانی ئەو نەوتە بدات کە هەریمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی بەکاریدەهێنێت."
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، "لە کۆبوونەوەکاندا پێشنیازی ئەوە کراوە، هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان کە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، رادەستی بەغدا بکرێت و بەغدا خۆی بەشی هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی بدات، بەڵام ئەو پێشنیازە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رەت کرایەوە." هاوکات، ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی نەوت داوای گازی هەرێمی کوردستانیش دەکات، چونکە عێراق پێیوایە نەوت و گاز دەبێت لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە مامەڵەیان پێوە بکرێت."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو خاڵانە نەکرا و شاندی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە هەولێر تاوەکو لەگەڵ بەپرسانی باڵا ئەو بابەتانە باس بکەن. رایشیگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت زوو گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکان دەستپێبکەنەوە، حکومەتی عێراق پێی باشە زوو نەوت لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێبکاتەوە، چونکە لە مەترسیی دۆخەکە تێگەیشتووە و دەترسێت گەرووی هورمز بەهۆی هەر دۆخێکەوە دابخرێت.
سەرچاوە: ڕووداو