گفتوگۆ مەپچڕێنن

تەمووزی 1, 2025 - 12:12
تەمووزی 1, 2025 - 14:23
گفتوگۆ مەپچڕێنن

محمد فائق

 جەنگەکە وەستا و شرۆڤە و شیکارییەکان هێشتان بەردەوامن، پسپۆڕەکان، چاودێران، سیاسەتکاران و خەڵکیش هێشتا سەرقاڵی گفتوگۆی پێشهات و پاشهاتەکانی جەنگی ئیسرائیل- ئێرانن کە تا ئەندازەیەک بە جەنگی ١٢ ڕۆژە ناوی دەرکردووە. هەمیشە بەر لە جەنگ و پاش جەنگیش ئەوی مەقبوولە و قودرەتی مانەوەی هەیە، گوتاری ئاشتی و دیپلۆماسیەتە نەک خیتابی ڕق و سڕینەوە؛ یان وەک دەوترێت بەنزین کردن بە ئاگرەکەدا. لە سەروبەندی جەنگەکەدا، کە خۆشبەختانە درێژەی نەکێشا و هەر زوو لایەنەکان گەییشتنە ئەو باوەڕەی کە هێز دەبێت پاشگری لۆژیک بێت نەک لۆژیک بکاتە پاشگری خۆی، چەند کاراکتەرێکی گرنگی سیاسی بانگی ئاشتی و دیالۆگ و دیپلۆماسیەتیان بەرزکردەوە و داوایان لە هەردوو لایەنی شەڕەکە کرد سەرەداوەکانی گفتوگۆ نەپچڕێنن و جیهان نەخەنە بەردەم ئازار و برینێکی دیکەوە کە لانیکەم ئەم ناوچەیەی کە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە بەرگەی ناگرێت.

یەک لەو کاراکتەرە گرنگانەی کە هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیپلۆماسیەتدا ناوی دەهێنرێت و هەر لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەدا ڕێگەچارە دێرینەکەی خۆی خستەوە ڕوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، کە داوای گەڕانەوەی هەردوو لایەنی کرد بۆ گفتوگۆ و داخستنی سەرجەم دەرگاکانی هێز، چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرگەی گرژییەکی لەم چەشنە ناگرێت و جەنگ، ئەگەر بەردەوامیی هەبێت، بە یەک ئاست هەمووان دەسووتێنێت. هەروەها داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد کە سەرجەم ڕێکارە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە بەردەوامیی جەنگەکە و پاراستنی ژیان و ئارامی و پێکەوەژیانی ناوچەکە.

 ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنها کردەیەکی سیاسیی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو هێندە کاریگەر خوێندرایەوە کە وای لە وەزیری دەرەوەی ئێران کرد پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام بدات و وێڕای سوپاسکردنی لەسەر هەڵوێستە ئاشتیخوازانەکانی؛ ڕا و بۆچوونیشی دەربارەی دۆخەکە و لێکەوتەکانی و ڕێکارەکانی بەرگرتن لە بەردەوامیی شەڕ، وەربگرێت.

میدیا ئێرانییەکانیش لە ئانییەت و مەسئولیەتی پەیامەکە تێگەییشتن و ئاژانسی هەواڵی تەسنیم یەک لەو میدیایانە بوو کە لە ڕاپۆرتێکیدا دەنووسێت: هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەم کاتە هەرە هەستیارەی مێژووی ئێراندا، دەرخەری دیدگەی دۆستانەی بەهێزی هەرێمی کوردستان و دراوسێیەتییەکی باشە کە خوازیارە لە هەموو بوارەکاندا پێوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران پەرە پێ بدات و بەهێزی بکات. هەروەها میدیا ئێرانییەکە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازیکردن لە ئاگربەستی هەردوولا بە گرنگ و کاریگەر وەسف کردووە و جەخت لە پێگەی ئاشتیخوازیی نێچیرڤان بارزانی و ڕۆڵی لە پاراستنی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکەدا دەکاتەوە.

 ئەمڕۆی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی، خۆزیاری زێتربوونی ڕۆڵی سیاسەتکارانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستانە کە دیدێکی خاوەن قووڵایی لە پرسە سیاسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە و هێزی لە فەرهەنگی خۆیدا کردووەتە پاشکۆی حیکمەت و لۆژیک، کاراکتەرێکە لە ڕێگەی هەنگاو و گوتارە دیپلۆماسییەکانیەوە سەرقاڵی بەرفرەوانکردنی پانتایی ئاشتی و پێکەوەژیان و دایەلۆگە و هەنگاو لەدوای هەنگاو، فەزای توندوتیژی و گرژی بەرتەسک و بەرتەسکتر دەکاتەوە.