نێچیرڤان بارزانی و پاتریک دورێل: کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە رێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.

تشرینی یەکە 1, 2025 - 10:58
نێچیرڤان بارزانی و پاتریک دورێل: کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و هەروەها بیروڕا دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرفەتی وەبەرهێنان و بازرگانی بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕ کرا."

هەردوولا جەختیان لە "چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، کردەوە." لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە دوا پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا و "لەمبارەیەوە هەردوولا گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیان دووپات کردەوە و داکۆکییان لە پێویستیی دوورخستنەوەی عێراق لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، کردەوە."

تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێز یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو.

سەرچاوە: ڕووداو