پەرلەمانی کوردستان کەوتە پشووی هاوینەوە

هەرچەندە حەوت مانگە بەهۆی دۆخی سیاسییەوە کۆنەبوونەتەوە، لە ئەمڕۆوە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووی هاوینە.

تشرینی یەکە 1, 2025 - 10:56
پەرلەمانی کوردستان کەوتە پشووی هاوینەوە

رووپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پشووی هاوینەی پەرلەمان لە ئەمڕۆ 01ـی تەمموز دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت".

 لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە. رووپاک ئەحمەد گوتی: "لە کاتی ئاساییدا دەبێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان 01ـی مانگی 9 دەستپێبکەنەوە تاوەکو 31ـی مانگی یەکی ساڵی نوێ و دواتر جارێکی دیکە دەکەونەوە پشووی زستانەوە بۆ ماوەی دوو مانگ".

لەکاتی وەرزەکانی پشووی پەرلەمانی کوردستاندا، لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکانیان دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ناکرێت. تاوەکو ئەمڕۆ لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم پێکنەهێندراون، بۆیە لەم پشووەدا لیژنەکانیش کۆبوونەوەیان نابێت.

 لە کاتی ئاساییدا، بەگوێرەی بڕگەی سێیەمی مادەی 51ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان "رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە تایبەت دەبێت بە دانیشتنی پەرلەمان"، بەڵام لە حەوت مانگی رابردوودا پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە.

سەرچاوە: ڕووداو