کەشناسیی عێراق: پێشبینی دەکرێت لە بەشێکی ھەرێمی کوردستان باران ببارێت
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ لە بەشێکی ھەرێمی کوردستان باران و لە رۆژئاوای عێراق خۆڵبارین دەبێت.

عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەری تاوەبارانی پچڕپچڕ لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی، دیالە و واست ھەیە.
عامر جابری گوتی، خێرایی بای باکووری رۆژئاوا لەنێوان 20-30 کیلۆمەتر دەبێت و ئەوەش خۆڵبارین لە هەندێک ناوچە دروست دەکات و مەودای بینینیش بۆ 1-2 کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە.
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر دوو بۆ چواری دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری سلێمانی، ھەڵەبجە، قەرەداخ و پێنجوێن ئەگەری تاوەباران ھەیە.
محەممەد کەمال گوتیشی، لە ھەندێک ناوچەی پارێزگای ھەولێریش ھەور دەبێت، بەڵام ئەستەمە باران ببارێت.
سەرچاوە: ڕووداو