کورد لە کەرکووک 6%ی پۆستە ئەمنییەکان و 8%ی دەستەکانی کۆمپانیای نەوتی بەدەستەوە ماوە

بۆ رێکخستنەوە و "دروستکردنی هاوسەنگی لە پۆست و بەرکەوتەی نەتەوە جیاوازەکانی کەرکووک" لیژنەیەک لە دەستەی باڵای هاوئاهەنگیی نێوان پارێزگاکان پێکهێندرا.

ايلول 8, 2025 - 14:34
کورد لە کەرکووک 6%ی پۆستە ئەمنییەکان و 8%ی دەستەکانی کۆمپانیای نەوتی بەدەستەوە ماوە
ئەمڕۆ دووشەممە دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێش ماوەیەک نووسراومان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە سەبارەت بە کەمیی پشکی کورد هەم لە فەرمانبەر، هەم لە بەرکەوتەی پۆست و بەرپرسیارێتی."
 
دیلان غەفوور کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەیە گوتی، "دوای ماوەیەک گشتاندن بۆ نووسراوەکە کراوە، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە لیژنەیەکی بەدواداچوون لە دەستەی هاوئاهەنگیی پارێزگاکانی بۆ دروست بکرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی، "ناهاوسەنگییەکی زۆر لە کەرکووک بەدیدەکرێت، لە هەندێک فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیدا رێژەی کورد یەکجار کەمە، بەتایبەت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، شەش هەزار فەرمانبەری عەرەب و 3800 فەرمانبەری تورکمان هەن، بەڵام تەنیا 2500 فەرمانبەری کورد هەن کە رێژەکەی ناگاتە 18%."
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی کە لیژنەکە ئامادەی کردووە، پشکی کورد لە کەرتە جیاوازەکانی ئیدارەی کەرکووک بەم جۆرەیە:
 
قەزا و ناحیەکانی کەرکووک
 
عەرەب: 3 قائیمقام
تورکمان: 1 قائیمقام
کورد: 0
 
پۆستەکانی ئاسایشی نیشتمانی بە رێژە
 
عەرەب: 56%
تورکمان: 38%
کورد: 6%
کریستیان: 0%
 
پشکەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور (دەستەکان)
 
عەرەب: 67%
تورکمان: 17%
کورد: 8%
کریستیان: 8%
 
ژمارەی فەرمانبەرەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور
 
عەرەب: 6000
تورکمان: 3800
کورد: 2500
کریستیان: 200
 
دابەشکردنی بەشەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور (44 بەش)
 
عەرەب: 28 بەش کە دەکاتە 64%
تورکمان: 13 بەش کە دەکاتە 30%
کورد: 2 بەش کە دەکاتە 5%
کریستیان: 1 بەش کە دەکاتە 2%
 
دیلان غەفوور سەبارەت بە کاری لیژنەکە گوتی، "ترسی هەیە لەوەی لیژنەکان بە پەرۆش نەبن لە بەدواداچوونەکانیان، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بەوەیە لە ئاستی سیاسی باس بکرێت و وەک یەکێک لە مەرجەکانی دانوستاندنی لایەنی کوردی لە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
 
سەرچاوە: ڕووداو