8 کورد بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج

رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج لە چەند ناوچەیەکی وڵاتەکە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ دووشەممەش لە تەواوی وڵاتەکە دەکرێت. 8 کورد لەو هەڵبژاردنە کێبڕکێ دەکەن.

ايلول 8, 2025 - 14:38
8 کورد بەربژێرن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج
خەلیل ئوکیلۆ، قوتابییە و دەڵێت، "پێشبینیی گۆڕانکاریی باش و پەیڕەوکردنی زیاتری دیموکراسی دەکەم. هیواخوازم حکومەت بتوانێت پاڵپشتیمان بکات و سەقامگیری زیاتر دروستبکات."
 
18 پارت لە 19 بازنە رکابەری لەسەر 169 کورسیی پەرلەمان دەکەن. هەر پارتە و لە بازنەیەک دەتوانێت 30 بەربژێری هەبێت.
 
لەنێو بەربژێرەکاندا 8 کورد هەن، چواریان لە پارتی سوور، سێیان لە پارتی سۆسیال و یەکێکی دیکەشیان لە پارتی پارێزگارانن. ئەوان پلانی گەورەیان بۆ نەرویجییەکان و کوردی ئەو وڵاتە هەیە.
 
هیچ ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کورد لە نەرویج نییە، بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ژمارەکەیان نزیکەی 100 هەزار کەسە.
 
ئەن گەندەرسن، بازرگان دەڵێت، "هیواخوازم حکومەت سەرنجی زیاتری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بێت و هەموو کارێک بۆ رێگری لە گۆڕانی زیاتری بکات".
 
بەگوێرەی دوایین راپرسیی میدیای نەرویج، پارتی کار 27%ـی دەنگەکان، پارتی پێشکەوتن کە پارتێکی راستڕۆی پارێزگارە، 21%ـی دەنگەکان و پارتی پارێزگاران 15%ـی دەنگەکان دەبەنەوە. پارتی چەپی سۆسیال و پارتی سوور هەر یەکەیان 6%ـی دەنگەکان دەبەنەوە. 
 
بەپێی ئەو ئەنجامە، پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هاوپەیمانی دوو پارت یان زیاترە.