باندێکی بازرگانیکردن بە کارتی دەنگدان دەستگیرکران و 335 بەربژێریش دوورخراونەتەوە

چوار کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کارتی دەنگدان دەستگیردەکرێن و دوو بەربژێریش بەهۆی کێشە لە بەڵگەنامەکانیان ناویان لە لیستی دەنگدان دەسڕێتەوە. ژمارەی ئەوانەشی بەهۆی پێشینەی بەعسیبوونەوە دوورخراونەتەوە گەیشتە 335 بەربژێر.

ايلول 8, 2025 - 18:51
باندێکی بازرگانیکردن بە کارتی دەنگدان دەستگیرکران و 335 بەربژێریش دوورخراونەتەوە
دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی هەواڵگرى و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: لە پارێزگای دیالە باندێکی چوار کەسییان دەستگیرکردووە، کە ژمارەیەک کارتی دەنگدانیان پێ بووە. 
 
بەگوێرەی ئەو ئاژانسە، چوار کەسەکە خاوەنی کارتەکانی دەنگدانیان بەوە هەڵخەڵتاندووە کە بازرگانی بەو کارتانەوە دەکەن.
 
مامەڵەکردن بە کارتی دەنگدان بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوانە و سزاکەی لەنێوان ساڵێک بۆ پێنج ساڵ بەندکردن و پێبژاردنێکە کە دەگاتە 50 ملیۆن دینار.
 
دۆسیەی ئەو چوار کەسە رەوانەی دادگە کراوە.
 
335 بەربژێری بەعسی دوورخرانەوە
 
8ی ئەیلوولی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 350 بەربژێر بەهۆی گومانی پێشینەی بەعسیبوونەوە دوورخراونەتەوە، بەڵام هەندێکیان گەڕانەوە.
 
ئەو بەربژێرانە ئەوانەن کە لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس پلە و بەرپرسیارییەتی باڵایان هەبووە، دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان دەکات.
 
میدیای فەرمی عێراق بڵاویکردەوە کە کارەکانی ئەو دەستەیە بۆ تاوتوێی دۆسیەی بەربژێران تەواو بووە و تێکڕای ئەو بەربژێرانەی کە بەهۆی پێشینەی بەعسیبوونەوە دوورخراونەتەوە گەیشتووەتە 335 بەربژێر.
 
دوو بەربژێر سڕانەوە
 
دووشەممە 8ی ئەیلوولی 2025، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیارانى لەبارەی سڕینەوەی ناوی دوو بەربژێر بڵاوکردەوە.
 
بڕیارەکە لە 7ی ئەیلوول لەلایەن ئەو ئەنجوومەنەوە دراوە بۆ سڕینەوەی ناوی هەر یەک لە رەنا کەریم، بەربژێر لە هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، فورات ئەحمەد، لە هاوپەیمانی گردبوونەوەی فاو و زاخۆ لە لیستەکانیان بۆ هەڵبژاردن.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو دوو بەربژێرە بەهۆی کەموکورتی لە بەڵگەنامەکانیان لە لیستی بەربژێران سڕدراونەتەوە.
 
نزیکەی 8000 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێرکردبوو، بەڵام زیاتر لە 765 بەربژێریان گۆڕدراون یان بە هۆکاری جیاجیا دوورخراونەتەوە.
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت؛ هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.
سەرچاوە: ڕووداو