ئەسیکۆدا لە عێراق چۆن کاردەکات؟

کۆدێکی 14 ژمارەیی بێ دووبارە، کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی کە بە ئەسیکۆدا ناسراوە.

ايلول 8, 2025 - 13:37
ئەسیکۆدا لە عێراق چۆن کاردەکات؟
ئەسیکۆدا شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. هەر وڵاتێکى بەشدار سیستمی تایبەت بە خۆی دەبێت.
 
ئەو کۆمپانیایانەی ئەو کۆدەیان هەیە، دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار هاوردە بکەن کە 132 دینارە بۆ هەر دۆلارێک.
 
حامید هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی چوونەتە نێو سیستمی ئەسیکۆداوە، بارەکانیان ئاسانتر و خێراتر لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق تێدەپەڕێن.
 
پێویستییەکانی کۆدی ئەسیکۆدا
 
بۆ دەرهێنانی کۆدی نێو سیستمی ئەسیکۆدا، دەبێ کۆمپانیاکان ناسنامەی باجیان هەبێت کە پاکتاوی باجەکانیان کردووە، هەروەها پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق بکەن، لە ماوەیەکدا کە پێنج رۆژ تێپەڕ نابێت کۆدەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی گوتی: "بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان ئاسانکاری کراوە بەوەی ئەگەر پاڵپشتیی بەڕێوەبەری باج و کۆمپانیاکان ببەن بۆ بەغدا کۆدەکەیان پێدەدرێ."
 
108 وڵات و ناوچەی جیهان کار بە سیستمی رێوشوێنی بازرگانی ئەسیکۆدا دەکەن کە زۆرینەیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا، رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان کاری پێ بکرێت.
 
سامی جەلال، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی پەیوەندیدار بێ بە ناسنامەی باجی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکراوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان لە قۆناخی دانوستاندایە."
 
خاوەن کۆد چی دەستدەکەوێ؟
 
ئەو کۆمپانیایانەی کۆدی نێو سیستمی ئەسیکۆدایان هەیە، جگە لەوەی خۆیان کاڵا هاوردە دەکەن، دەتوانن کاڵا بۆ ئەو کۆمپانیا و خاوەنکارانەی دیکەش هاوردە بکەن کە لەنێو ئەو سیستمە نین، ئەوەش بەرامبەر بە سوودێک کە لە کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی دەستیان دەکەوێ.
 
ئەگەر کۆمپانیایەکی خاوەن کۆدی ئەسیکۆدا کاڵایەک بۆ کۆمپانیایەکی دیکە هاوردە بکات، بەناوى خۆیەوە مامەڵەکان پێشکێش دەکات و دۆلارەکە لە بانکی ناوەندی بۆی وەردەگرێ، بە نرخێکی زیاتر بە 132 هەزار دینار بەو کۆمپانیایە دەفرۆشێ، بەڵام لەکاتی وەرگرتنی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق کە ئاوی بن یان وشکانی، ناوی کۆمپانیای دووەم کە خاوەنی کاڵاکەیە لە پڕۆسەی نووسینەوەیدا دەنووسرێ.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار رایگەیاند: "ئێستا کۆدی ئەسیکۆدا تەنیا بۆ ئەو دەروازانەیە کە دەکەونە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی کە دەبێ هەر کاڵایەکی هاوردەکراو هاوتای ئەوە بێت لە مامەڵە فەرمییەکانی پێشوودا هەبووە کە دەروازە سنوورییەکانی سووریا و ئێران ناگرێتەوە، بەڵام بۆ دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا کۆدی ئەسیکۆدا رۆڵ نابینێت و کۆمپانیاکان دەتوانن بۆ هاوردەکردنی کاڵا لەو وڵاتەوە سوود لە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی وەربگرن بەبێ ئەوەی کۆدەکەی ئەسکۆدایان هەبێت."
 
لەگەڵ مامەڵەی هەر کاڵایەک بۆ هاوردەکردن، ئەو دەروازەیەش دیاری دەکرێت کە کاڵاکە لێوەى تێپەڕدەبێتە سنووری عێراق. بەم پێیە ئەو کۆمپانیایانەی کۆدی ئەسیکۆدایان هەیە، ناتوانن لە دەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی راستەوخۆ کاڵا هاوردە بکەن.
 
بڕیارە لە حوزەیرانی 2026 بەتەواوی سیستمی ئەسیکۆدا لە عێراق رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێ.
 
عێراق 17 دەروازەی سنووری وشکانی و دەریایی هەیە لەگەڵ یەکەی گومرگی لە هەر چوار فڕۆکەخانەی بەغدا، بەسرە، کەرکووک و نەجەف کە ئەسیکۆدای تێدا جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوە: ڕووداو