وەزیری دادی تورکیا: مۆڵەت دەدەینە دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە
وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، ئەگەر دەم پارتی داواکاری بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکێش بکات، مۆڵەتی پێ دەدەنەوە.

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025) دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لەبارەی ئەگەری سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی بە رۆژنامەڤانانی گوت، ''وەک وەزارەتی داد، پێشتر دوو جار داواکاریمان پێشکێشکرابوو، هەڵسەنگاندنمان بۆیان کرد و مۆڵەتمان دا و دیدارەکانی دەم پارتی رێکخران.'' تونچ لەبارەی ئەگەری پێشکێشکردنی داواکاریی سێیەمی پارتەکە بۆ سەردانی ئیمراڵی گوتی، ''هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و مۆڵەتەکە رێکدەخەین.'' لە 1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیا بۆ پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازبکرێت. دەم پارتی رۆژی سێشەممە، 26ـی شوباتی 2025، بە مەبەستی سازکردنی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، داواکاریی پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داواکە پەسندکرا. رۆژی شەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2024، شاندی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەردانی ئۆجەلانیان لە گرتووخانەی ئیمراڵی کرد. داواکاریی دووەمی شاندی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2025 بوو. داواکارییەکە لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیا پەسندکرا و شاندەکە بۆ دووەمین جار چاوی بە ئۆجەلان کەوت. سەرچاوە: ڕووداو