پزیشکێکی بەریتانی لە غەززە: دۆخی خان یونس وەکو ستالینگرادە
پزیشکێکی بەریتانی چوار هەزار کیلۆمەتری بڕیوە تاوەکو گەیشتووەتە غەززە. یەکێکە لەو پزیشکانەی لە نەخۆشخانەی خان یونس برینداران چارەسەر دەکات.

تۆم پۆتۆکەر دەڵێت، "بەهۆی گەمارۆکەوە، شتی زۆر کەم دەگەیێندرێتە غەززە. هیچ خۆراکێک نییە و خەڵک برسییانە. پێداویستیی پزیشکی زۆر کەم دەگەیێندرێنە ئێرە و وێرانکاریێکی فراوان هەیە، مەبەستم ئەوەیە دۆخی خان یونس بە ستالینگراد دەچێت".
ئیسرائیل لە دووی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو 18ـی ئەم مانگە رێگەی بە گەیاندنی هیچ هاوکارییەک بە غەززە نەدا، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی سەرییەوە گەمارۆکەی راگرت.
بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دەڵێن، لە رۆژانی 19 و 20ـی ئەم مانگە 100 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیێندرانە کەرتەکە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، کەمتر لەو بڕە گەیشتووە.
بە گوێرەی نووسینگەی هاوئاهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، ئەگەر تاوەکو رۆژی هەینی هاوکاری تەندروستیی پێویست نەگەیێندرێتە غەززە، 14 هەزار منداڵ دەمرن.
تۆم پۆتۆکەر باس لەوە دەکات، "دەتوانیت چی بڵێیت؟ مەبەستم ئەوەیە دۆخەکە تۆقێنەرە. غەززە بووەتە قەسابخانە. ئەمە بەو جۆرەیە، ئێرە قەسابخانەیە".
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر غەززە فراوانکرد. بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، تەنها رۆژی سێشەممە، 85 کەس بە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل کوژران.
سەرچاوە: ڕووداو