دواجار دوو باڵەکەی گۆڕان رێککەوتن؛ شەممە پێکەوە کۆنفرانس دەبەستن

دواجار و دوای دوو کۆنفرانس بە جیا لە یەکدی، هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان رۆژی شەممە بەشداری لە کۆنفرانسی بزووتنەوەکەیان دەکەن و دەیانەوێت بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن لایەکیان بە فەرمی ببنە خاوەنی ناو؛ لۆگۆ و مێژووی بزووتنەوەکە.

ئارەی 22, 2025 - 11:36
دواجار دوو باڵەکەی گۆڕان رێککەوتن؛ شەممە پێکەوە کۆنفرانس دەبەستن

دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، پێنجی نیسانی ئەم ساڵ، ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە کە بە "باڵی کوردسات"یش ناودەبرێن، 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە براوە نەبوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێک لە ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شەممە 24-05-2025 کۆنفراسی گشتیمان بە ئامادەبوونی کۆمیسیۆن بەڕێوەدەبەین".

 دوو کۆنفرانسەکەی جاری پێشوو، یەکەمیان بەهۆی ئامادەنەبوونی کۆمیسیۆن و دووەمیش بەهۆی ئامادەنەبوونی زۆرینەی ئەندامان بەگوێرەی رێنوێنی کۆمیسیۆن، هیچیان پەسند نەکران. بەگوێرەی ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات بۆ رووداو، لە بەرنامەی کاری کۆنفرانسدا رێکخەری گشتیی بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێرن.

 ئەمڕۆ نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش بەشدار دەبین لە کۆنفراسی گشتیی لە رۆژی شەممەدا". کۆنفرانسەکە لە هۆڵی ئاشتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. لەبارەی ئەنجامی کۆنفرانسەکە، نزار مەحموود گوتی: "هەموو شتێک بەگوێرەی یاسا بە زۆرینەی دەنگە، ئێمەش دەچینە کۆنگرە و پابەندی یاسا دەبین و بەشداری دەکەین".

 بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە فەرمی 24ـی ئەم مانگەی بۆ کۆنفرانسی گۆڕان دیاریکردووە و هەرخۆیشی شەممە سەرپەرشتی کۆنفرانسەکە دەکات.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بزووتنەوەی گۆڕانی ناچار کردووە، تەنها ئەو ئەندامانە بەشداری کۆنفرانس بکەن ناویان لە ساڵی 2017 تۆمار کراوە زیاترن لە دوو هەزار و 100 ئەندام؛ ئەوانەش ئێستا بەسەر دوو ئاراستە دابەشبوون، جگە لەوەی بەشێکیان دەستبەرداری سیاسەت بوون و بەشێکیش چوونەتە نێو حیزبەکانی دیکە.

 بەگوێرەی کۆمیسیۆن، شەممە "بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو هەڵبژاردن دەکرێن، بۆ نموونە 400 ئەندام ئامادەبێت دەتوانن بڕیارەکانی کۆنفرانس بە زۆرینەی دەنگ پەسند بکەن".

سەرچاوە: ڕووداو