ترەمپ وێنەیەکی خۆی بە جلوبەرگی پاپاوە بڵاودەکاتەوە
سەرۆکی ئەمریکا وێنەیەکی گاڵتەئامێزی خۆی بە جلوبەرگی پاپاوە بڵاوکردەوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو رایگەیاند، حەز دەکات بچێتە شوێنەکەی پاپا فرانسیس.

رۆژی هەینی 2ی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە پێدەچێت بە ژیریی دەستکرد دروستکرابێت.
ترەمپ لە وێنەکەدا جلوبەرگی سپی پۆشیوە، خاچی زێڕینی لە مل کردووە، کڵاوی تایبەت بە پاپایەتی لەسەر کردووە و پەنجەی شایەتومانیشی بەرەو ئاسمان بەرز کردووەتەوە.
بڵاوکردنەوەی وێنەکە دوای ئەوە دێت، 29ی مانگی رابردوو، کاتێک رۆژنامەڤانان لە کۆشکی سپی لەبارەی هەڵبژاردنی پاپا پرسیاریان لە ترەمپ کرد، چەند چرکەیەک بیری کردەوە، بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گوتی، "حەزدەکەم ببمە پاپا، ئەوە دەبێتە بژاردەی ژمارە یەکم." سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ پێشنیازێکی بۆ هەڵبژاردنی پاپای داهاتوو نییە کە بڕیارە رۆژی 7ی ئایار هەڵبژێردرێت، بەڵام دانی بەوەدا نا کە حەز دەکات کەسێکی ئەمریکی ببێتە پاپا.
شەش کاردیناڵی ئەمریکی هەن و پێنجیان مەرجی بوون بە پاپایان تێدایە. بەربژێرە پێشهنگهکان بۆ شوێنگرتنهوهی پاپا فرانسیس بریتین له کاردیناڵ لویس تاگڵێی فیلیپینی، کاردیناڵ پیتێر ئێردۆی ههنگاری، کاردیناڵ فریدۆلین ئهمبۆنگۆی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، کاردیناڵ پیێترۆ پارۆڵینی، سکرتێری دهوڵهتی ڤاتیکان.
پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیکان بوو، بە نەخۆشیی هەوکردنی سییەکانەوە دەیناڵاند و رۆژی 21ی ئەم مانگە لە ئەنجامی نەخۆشییەکەی لە تەمەنی 88 ساڵی کۆچی دوایی کرد. نزیکەی 20%ی ئەمریکییەکان خۆیان بە کریستیانی کاسۆلیک دادەنێن و راپرسییەکانی تایبەت بە دەنگدان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە نزیکەی 60%ی کاسۆلیکەکان دەنگیان بە ترەمپ داوە.
پاپا فرانسیس یەکێک بوو لەوانەی کە رەخنەی کە سیاسەتەکانی ترەمپ دەگرت. کاتێک ترەمپ لە ساڵی 2016 خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر کرد، پاپا فرانسیس رەخنەی لە ترەمپ گرت بەوەی دەیەوێت دیوارێک بۆ رێگەگرتن لە کۆچبەران لەسەر سنووری مەکسیک دروست بکات.
سەرچاوە: ڕووداو