وەزارەتی دارایی عێراق: بانکەکانی رافیدەین و رەشید لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدان
وەزارەتی دارایی عێراق ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن حکومەت پارەی هاووڵاتییانی لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید راکێشاوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو بانکەکە "لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدان."

ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025 وەزارەتی دارایی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هەندێک لایەن لە نەزانی یان بە ئەنقەست یان لەسەر بنچینەی کێبڕکێی سیاسی، درۆ و پڕوپاگەندە بەکاردەهێنن بە مەبەستی تێکدانی دۆخەکە و دروستکردنی شڵەژان."
وەزارەتەکە دەڵێت، لەسەر بنەمای پێشنیازێکی وەزیری دارایی عێراق کە لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران خستیەڕوو، هەروەها بە پشتبەستن بە نووسراوێکی وەزارەتی دارایی بە ژمارە (11س / 373) لە 14-04-2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 15-04-2025، بڕیاری دا دەسەڵات بە وەزیری دارایی بدرێت بۆ راکێشانی پارەی سپاردەی باجەکان کە هێشتا 5 ساڵیان بەسەردا تێنەپەڕیوە.
بە گوێرەی نووسراوەکە، بڕی پارەکە زیاتر لە سێ تریلیۆن و 45 ملیار دینار بووە و بۆ دابینکردنی دارایی و پێدانی مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر دەکرێت بەکاربهێندرێت. وەزارەتی دارایی دەڵێت، "ئەو پارەیەی راکێشراوە، سپاردەی هاووڵاتییان یان سەرمایەی دڵنیایی تایبەت بە بانکەکان نییە، بەڵکو بۆ هەژمارە سەروەرییەکانی وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی کاتی لەو بانکانەدا بووە و بەپێی رێنوێنییەکان، بۆ تەرخانکردنەوەی لە بودجەی گشتیدا گوێزراوەتەوە."
وەزارەتەکە بەراوردکردنی ئەو رێکارەی بە داڕمانی بانکەکان لە وڵاتانی دیکە، بە "نادروست" ناودەبات و دەڵێت، کەرتی بانکیی عێراقی خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی و لەژێر چاودێریی تووندی بانکی ناوەندیدایە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی بانکەکان، راگەیێندراوەکە دەڵێت، "هەردوو بانکی رافیدەین و رەشید نەختینەی بەرز و یەدەگی نەختینەییان هەیەکە لە بڕە دیاریکراوەکانی بانکی ناوەندییش زیاترە." وەزارەتەکە زانیاری زیاتری خستوەتەڕوو و رایگەیاندووە، کۆی یەدەگی بانکی رافیدەین زیاتر لە 8 تریلیۆن و 540 ملیار دینارە و "بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نەبراوە."
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەت پارەی کاشی پێویستی لەبەردەست نەبوو، بۆیە بە ناچاری پەنای بۆ پارەی سپاردەی باجەکان برد، کە هێشتا 5 ساڵی تێپەڕ نەکردووە. ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری ئەوەی پێ باشترە لەوەی دەست بۆ یەدەگی فەرمیی وڵات ببرێت و رەتیکردەوە، ئەمە هاوشێوەی کارەکەی نوور زوهێر بێت کە پارەی سپاردەی باجەکانی بردبوو.
29ـی نیسانی 2025 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "عێراق کێشەی دارایی هەیە؛ نرخی نەوت دابەزیوە." مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رەخنەی لەو بڕیارەی حکومەت گرت و لە فەیسبووک نووسی: "پارەی سپاردەی بەڵێندەران و کۆمپانیاکان وەردەگرن و دەیکەنە مووچەی مانگی چوار و پێنج. دوای دوو ساڵیش، بەڵێندەرەکان سکاڵا لەسەر حکومەتی داهاتوو تۆمار دەکەن و ئەویش (حکومەتی داهاتوو) سەری لێ دەشێوێت (نازانێت چی بکات)."
سەرچاوە: ڕووداو