شارەزایەک: رێککەوتنی ئەمریکا و چین زێڕ زۆر دانابەزێنێت

شارەزایەکی زێڕ دەڵێت، ئەگەرێکی دوورە زێڕی عەیار 21 بۆ خوار 800 هەزار دینار دابەزێت.

تشرینی یەکە 18, 2025 - 16:03
شارەزایەک: رێککەوتنی ئەمریکا و چین زێڕ زۆر دانابەزێنێت
سالار حاجی عومەر، زێڕنگر و شارەزای زێڕ گوتی، دابەزینی دوو هەفتەی رابردووی دراوە دیجیتاڵییەکان، هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە. 
 
ئەو شارەزایە پێیوایە، دراوە دیجیتاڵییەکان، بەتایبەتی بیتکۆین و ئیسیریەم، لە سەرەتای دروستبوونیانەوە "تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوە و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ دروستکراون و ئەگەر ئەم دراوە دیجیتاڵییانە تووشی قەیران یان کێشەیەک بن و نرخیان دابەزێ، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ زۆر زیاتر لەوەی ئێستا هەیە بەرز دەبێتەوە".
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی بیتکۆین لە 126 هەزار دۆلارەوە بۆ 107 هەزار دۆلار دابەزیوەك نرخی ئیسیریەمیش لە 4750 دۆلارەوە بۆ 3900 دۆلار دابەزیوە.
 
سالار حاجی عومەر گوتیشی، بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ وایکردووە خواستیش لەسەری زۆر بێت و ئێستا خەڵکێکی زۆر زێڕ دەکڕن، بەتایبەتی لیرەی زێڕ.
 
ئەو شارەزایە گوتیشی، ئێستا کڕینی زێڕ بۆ مەبەستی جوانکاری کەمبووەتەوە، تەنانەت بووک و زاوا هەبوون لیرەیان کڕیوە.
 
بە گوتەی سالار حاجی عومەر، ئێستا تێچووی حەواڵەش گران بووە و بۆ کیلۆیەک زێڕ گەیشتووەتە 1500 دۆلار.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهان، ئۆنسەیەک زێڕ 78 دۆلار دابەزی و بە 4250 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لە هەرێمی کوردستانیش ئەمرۆ نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21، 22 هەزار دینار دابەزی و لە 897 هەزار دینارەوە هاتە 875 هەزار دینار.
 
لەبارەی داهاتووی نرخی زێڕەوە، ئەو زێڕینگرە دەڵێت، "بەهیچ شێوەیەک پێشبینی ناکەم [مسقاڵێک زێڕی عەیار 21] بێتە خوار 800 هەزار دینار".
 
پێشیوایە، دوور نییە نرخی زێڕی عەیار 21 بگاتە 900 هەزار دینار، بەڵام رەنگە کەمێک درەنگ.
 
ئەو شارەزایە گوتیشی، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین کۆببنەوە، پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکاش لەسەر چین کەمبکرێنەوە، دەکرێ نرخی زێڕ زیاتر لەو ئاستەی ئێستا دابەزێ، بەڵام دابەزینەکە زۆر نابێ و دواتر بەهێواشی زێڕ دەست بە بەرزبوونەوە دەکاتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو