کیم جۆنگ ئوون بە گریانەوە پێشوازی لە تەرمی ئەو سەربازانە دەکات کە لە ئۆکراینا کوژراون

میدیای فەرمیی کۆریای باکوور وێنەی کیم جۆنگ ئوون، رێبەری وڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە بە گریانەوە رێز لە تەرمی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی دەگرێت، لە یارمەتیدانی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا کوژراون.

تشرینی یەکە 1, 2025 - 10:50
کیم جۆنگ ئوون بە گریانەوە پێشوازی لە تەرمی ئەو سەربازانە دەکات کە لە ئۆکراینا کوژراون

کۆریای باکوور کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، بووەتە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی رووسیا لە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراینا کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە. هەزاران سەرباز و بارهەڵگری پڕ لە چەکی رەوانەی مۆسکۆ کردووە بۆ یارمەتیدانی کرێملین لە دەرکردنی هێزەکانی ئۆکراینا لە کورسک. بەگوێرەی لی سیۆنگ-کوێن، پەرلەمانتاری کۆریای باشوور، کە زانیارییەکانی لە دەزگای هەواڵگریی سیئۆل وەرگرتووە، نزیکەی 600 سەربازی کۆریای باکوور کوژراون و هەزارانی دیکەش لە شەڕکردن بۆ رووسیا بریندار بوون.

 وێنەکانی کیم کە خەمباریی زۆری پێوە دیارە، لەکاتی ماتەمینی بۆ سەربازە کوژراوەکان، لەلایەن تەلەڤزیۆنی فەرمیی ناوەندیی کۆریاوە پەخشکران. وێنەکان وەک بەشێک لە رێوڕەسمێک لە پیۆنگیانگ لە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرانەوە کە ئۆلگا لیوبیمۆڤا، وەزیری رۆشنبیریی رووسیاش ئامادەی بوو.

 رێوڕەسمەکە بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی پەیمانێکی سەربازییەوە بوو کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژۆ کراوە و بەندێکی بەرگریی هاوبەش لەخۆدەگرێت. کیم ئاڵای کۆریای باکوور لەسەر تابووتی یەکێک لەو سەربازانەی وڵاتەکەی دادەنێت کە لە جەنگی مۆسکۆ دژی کیێڤ کوژراوە.

گرتە ڤیدیۆییەکان هەروەها وێنەی سەربازانی کۆریای باکووریان لە بەرەکانی شەڕ نیشاندا، لەگەڵ چەند دێڕێک کە نووسراوە: "ئەی پاڵەوانەکانمان، ئەستێرە درەوشاوەکانی نیشتمانم" و "ئەوانەی بێ دوودڵی ژیانیان بەخشی بۆ بەرگریکردن لە شەرەف، وەک ئەستێرەی گەش دەدرەوشێنەوە."

 ئامادەبووانی کۆریای باکوور و رووسیا لەکاتی سەیرکردنی رێزلێنانەکەدا دەستیان بە گریان کرد. وێنەی بەڵگەنامەیەکیش نیشاندرا کە گوایە لەلایەن کیمەوە نووسراوە، لەگەڵ تێبینییەکدا کە دەڵێت، لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2024 "پلانی ئۆپەراسیۆنی بۆ رزگارکردنی کورسک پەسندکردووە و فەرمانی هێرشکردنی بە یەکە تایبەتەکان داوە."

 رێبەری کۆریای باکوور لەگەڵ کچە جو ئایی کچی بەشداریی نمایشەکەی کرد کە زۆر لە شرۆڤەکاران بە جێگرەوەی باوکی دادەنێن. کۆریای باکوور لە مانگی نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە هێزی بۆ پشتیوانیکردنی جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا ناردووە و دانی بەوەدا نا کە سەربازەکانی لە شەڕدا کوژراون.

پەرلەمانتار لی هەفتەی رابردوو گوتی، کۆریای باکوور هێزی زیاتر دەنێرێتە رووسیا کە رەنگە هەر لەم مانگە دا بێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە دەزگای هەواڵگریی سیئۆل. بەڵام وەزارەتی بەرگریی سیئۆل رۆژی سێشەممە رایگەیاند، ئێستا "هیچ نیشانەیەک" نابینن کە کۆریای باکوور خۆی ئامادە بکات بۆ ناردنی هێز بۆ رووسیا، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکە لە قۆناخی راهێنانی هاوینەدایە و هەندێک یەکەی بەرەی پێشەوەش بەشداری لە مەشقی نیوەی ساڵدا دەکەن.

سەرچاوە: ڕووداو