توێژینەوەیەک: کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دەبێتە هۆی مردنی 14 ملیۆن کەس

لێکۆڵینەوەیەکی ئیسپانی کە لە گۆڤاری لانسێتدا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خەڵکی هەژار دەبێتە هۆی مردنی 14 ملیۆن کەس، کە زیاتر لە سێیەکیان منداڵن.

تەمووزی 1, 2025 - 10:46
توێژینەوەیەک: کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە دەبێتە هۆی مردنی 14 ملیۆن کەس

رۆژی سێشەممە، 1ی تەممووزی 2025، توێژەران لە پەیمانگای بارسێلۆنا بۆ تەندروستیی جیهانی لە گۆڤاری لانسێت توێژینەوەیەکیان سەبارەت بە مەترسییەکانی کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە بڵاوکردەوە و دەڵێن، ئەو کارە تاوەکو ساڵی 2030 دەبێتە هۆی مردنی 14 ملیۆن کەس کە 4.5 ملیۆنیان منداڵی خوار پێنج ساڵانن.

دەیڤد راسێلا، توێژەری توێژینەوەکە دەڵێت، راگرتنی ئەو هاوکاریانە پێشکەوتنە تەندروستییەکان رادەگرێت. گوتیشی، "بۆ زۆر لە وڵاتانی داهات کەم و مامناوەند، کاریگەرییەکەی وەکو کاریگەری پەتایەکی جیهانی یان جەنگێک دەبێت".

بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکە لەکاتێکدایە ئەم هەفتەیە کۆنفرانسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیسپانیا بە ئامانجی زیادکردنی کۆکردنەوەی هاوکاری مرۆیی بەڕێوەدەچێت.

رۆژی 20ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دەستبەکار بوو و دوو هەفتە دواتر بە هاوکاری ئیلۆن مەسک، بەرپرسی پێشووی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی بەریتانیا دەستیان بە کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ رێکخراوەکان و هەڵوەشاندنەوەی یو ئێس ئای ئەی دی کرد.

پێش ئەم ئیدارەیە، ئەمریکا سەرچاوەی 40٪ی داهاتی ئەو رێکخراوانە بوو، کە هاوکاریی لێقەوماوان و وڵاتانیان دەکرد. لە توێژینەوەکەدا ئەوەش هاتووە، هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 2001 بۆ 2021 بوونەتە هۆی پاراستنی 91 ملیۆن کەس لە مردن.

 کەمکردنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە لەکاتێکدایە حکومەتەکانی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا هاوکارییەکانیان بۆ رێکخراوە مرۆییەکان کەمکردوونەتەوە. کاترین مۆنتی، هاوبەشی توێژینەوەکەی پەیمانگای بارسێلۆنا بۆ تەندروستی جیهانی دەڵێت، راگرتنی ئەو هاوکاریانەش دەبێتە هۆی خراپترکردنی دۆخەکە و بەرزکردنەوەی ئەگەری مردن.

سەرچاوە: ڕووداو