کشتوکاڵی دهۆک: ئەم سەرمایە سوودی لە زیانەکانی زیاتر بوو بۆ کشتوکاڵ و باخ

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، ئەم شەپۆلی سەرمایە تەنیا زیانی بۆ کشتوکاڵ و باخ نەبووە، بەڵکو سوودیشی هەبووە، بەتایبەت بۆ ئەو دارە بەردارانەی گوڵەکانیان نەپشکوتبوون.

شوبات 26, 2025 - 10:22
کشتوکاڵی دهۆک: ئەم سەرمایە سوودی لە زیانەکانی زیاتر بوو بۆ کشتوکاڵ و باخ

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی شوبات موسلیح حەسەن، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم شەپۆلی سەرمایە زیانی هەبوو، بەڵام سوودەکانی زیاتر بوون، چونکە هەندێک بەروبووم و درەخت هەن پێویستیان بە پلەی گەرمیی ژێر سفرە تاوەکو بەرهەمەکانیان زیاتر و باشتر بن." نزیکەی هەفتەیەکە شەپۆلێکی بەفر، باران و سەرما هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە زۆربەی ناوچەکان پلەی گەرما بۆ ژێر سفر دابەزیوە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "هەندێک درەخت هەن، تاوەکو ئێستا گوڵەکانیان نەپشکوتبوو و گەشەیان وەستابوو، بەڵام بەهۆی ئەم سەرمایەوە گوڵەکانیان دەپشکون، ئەوکات بەرهەمەکانیان زیاتر دەبن و کوالێتییان باشتر دەبێت." لە دهۆک ساڵانە بەرهەمی سێو دەگاتە نزیکەی 10 هەزار تۆن. موسڵیح حەسەن دەڵێت، "بەهۆی ئەم سەرمایەوە، ئەم ساڵ بەرهەمەکانی سێو، گوێز و گێلاس زیاتر دەبن بەراورد بە ساڵەکانی دیکە." جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم سەرمایە بۆ بنبڕکردنی نەخۆشییە رووەکییەکان و قڕکردنی مێروولەکانیش سوودی زۆری هەیە." لەبارەی ئەو بەرهەمانەی زەرەریان پێدەگات، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی، "ئەم ساڵ باران دواکەوت، هەندێک درەخت کە پشکوتبوون، وەکو درەختی باوی، قەیسی و ئەلوباڵو، ئەوانە زیانیان پێدەگات." ئەم وەرزەی بارین تاوەکو 20ی ئەم مانگە لە دهۆک تەنیا 105.6 ملـلیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 455.6 ملیمەتر باران باریبوو.

 سەرچاوە: ڕووداو