حکومەتى خۆجێیی بەسرە: لە دوو ساڵدا بەغدا زیاتر لە 14 تریلیۆن دینارمان قەزردارە

حکومەت خۆجێی بەسرە بە نووسراوى فەرمى بڕى ئەو پارەیە بڵاودەکاتەوە، کە لە دوو ساڵدا (2020،2022) حکومەتى فیدراڵى لە بودجەى پترۆدۆلار بۆى خەرجکردوون و زیاتر لە 14 تریلیۆن دینارى بەسرە بۆ ئەو دوو ساڵە لە ئەستۆى حکومەتە پێیان بداتەوە.

حوزەیری 18, 2025 - 18:01
حکومەتى خۆجێیی بەسرە: لە دوو ساڵدا بەغدا زیاتر لە 14 تریلیۆن دینارمان قەزردارە

بڵاوکردنەوەى ئەو بەڵگەنامانە وەک کاردانەوەیەکى حکومەتى خۆجێی بەسرە بوو، لە بارەى داوایەکى فالح خەزعلى، پەرلەمانتار لە پشکى پارێزگاکە، کە سەر بە فراکسیۆنى سەنەدى نیشتمانییە، لە بارەى خەرجى بەسرە بە پشکى بودجەى پترۆ دۆلار.

 یەکێک لە بەڵگەنامەکان نووسراوێکى ئەسعەد عێدانى، پارێزگارى بەسرەیە، کە ئاڕاستەى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى شارەکەى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە، کە لە یاسای پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک، لە کۆى یەک تریلیۆن دینار، کە لەو یاسایە بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت تەرخان کراوە، 609 ملیار و 620 ملیۆن دینارى بۆ بەسرە خەرج کراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى راپۆرتى دیوانى چاودێریى دارایی، پشکى پارێزگاکە هەشت تریلیۆن و 864 ملیار و 160 ملیۆن و 764 هەزار دینار بووە.

ئەسعەد عێدانى، لە نووسراوەکەدا ئاماژەى بەوەداوە، بە گوێرەى راپۆرتى دیوانى چاودێریى دارایی، پشکى پارێزگاکەیان بە بودجەى پترۆ دۆلار شەش تریلیۆن و 644 ملیار و 701 ملیۆن و 762 هەزار و 567 دینار بووە، بەڵام تەنیا 97 ملیار و 497 ملیۆن و 757 هەزار و 595 دینارى بۆ بەسرە خەرج کراوە. بە گوێرەى بەڵگەنامەکانى پارێزگارى بەسرە، لەو دوو ساڵەدا پشکەکەیان بە بودجەى پترۆ دۆلار، 15 تریلیۆن و 508 ملیار و 862 ملیۆن و 526 هەزار و 567 دینار بووە، بەڵام حکومەت تەنیا 707 ملیار و 117 ملیۆن و 757 هەزار و 595 دینارى بۆ خەرج کردوون و 14 تریلیۆن و 801 ملیار و 744 ملیۆن و 768 هەزار و 972 دینار لە شایستە داراییەکەى ماوە، کە لەو دوو ساڵە جەرج نەکراوە و بە قەرز لە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵى هەژمارى کردووە.

ساڵى 2020 عێراق یاساى بودجەى نەبوو، یاسای پاڵپشتى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان لە پەرلەمان پەسەند کرا، وەک جێگرەوەى بودجە کە بڕى پارەکەى 25 تریلیۆن دینار بوو. سێشەممە، 17ى حوزەیرانى 2025، عیماد متوڕى، سەرۆکى لیژنەى خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى بەسرە بە رووداوى گوت: "ئەو بڕە پارەیەى لە بودجەى پترۆ دۆلار پێمان دەگات زۆر کەمە، کە دوو بۆ سێ مانگ جارێک بۆمان دەنێردرێت، ئەم ساڵ هیچ بڕە پارەیەکمان لەو بودجەیە بۆ ساڵى 2025 بۆ خەرج نەکراوە".

لە بەشێکى دیکەى نووسراوەکەدا، پارێزگاى بەسرە ئاماژەى بەوەداوە، کە تێکڕاى ئەو بڕە پارەیەى حکومەتى فیدراڵى لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا قەرزدارى بەسرە بووە لە پشکى پترۆ دۆلار، گەیشتووەتە 42 تریلیۆن دینار، عیماد متوڕى گوتى: "ئەو بڕە قەرزە لەو کاتەوەیە، کە بودجەى پترۆ دۆلار لە نێو یاسای بودجە بڕیارى لەسەر دراوە".

 بە گوێرەى پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق، هەر هەرێم و پارێزگایەکى بەرهەمھێنەرى نەوت و گازى سرووشتى دەتوانێت رێژەى 5%ـى داهاتى یەکێک لەو دوو سەرچاوەیەی وزەی دەستبکەوێت.

 73%ـی نەوتى عێراق لە بەسرە دەردەهێندرێت، رۆژانە زیاتر لە 950 ملیۆن پێ سێجا گازیش لەو شارە بەرهەم دەھێنرێت.

سەرچاوە: ڕووداو