"کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبەمە نێو ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"

بەربژێرێکی سەرۆکایەتی کۆماری پۆرتوگال دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی تۆپی پێی وڵاتەکە دەبەمەوە نێو ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری وڵاتدا."

حوزەیری 18, 2025 - 18:04
"کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبەمە نێو ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"

تیم ڤیێرا، بەربژێری سەرۆکایەتیی پۆرتوگال لە وتارێکدا پێشنیاز دەکات، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی تۆپی پێی پۆرتوگال و کاپتنی یانەی نەسڕ بباتەوە نێو ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پۆرتوگال.

بەربژێرەکە پێی وایە، پۆرتوگال گەڕاوەتەوە سەر سەرکەوتنەکان، ئەمەشی بە بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە کردووە، لەکاتێکدا لە تەمەنی 40 ساڵیدایە، ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە ئەو هێمایەکی مەزنی وڵاتەکەمانە، سەرکردەیەکی ماندوونەناس، رابەرێکی زگماکییە و باڵیۆزێکی وڵاتەکەیە کە پێویستی بە هیچ نیشانەیەکی فەرمی نییە.

ڤیێرا دەڵێت "رۆناڵدۆ هەموو رۆژێک پۆرتوگال لە دڵیدا هەڵدەگرێت، چ لە نێو یاریگە بێت یان لە دەرەوە، لەبەر ئەم هۆکارەش کاتێک هەڵدەبژێردرێم، دەمەوێت کاپتنی هەڵبژاردەی نیشتمانی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بکەمە ئەندامی ئەنجوومەنی دەوڵەت."

تیم نووسیوویەتی "پێشنیازەکەم لەبەر ئەوە نییە کە رۆناڵدۆ کەسایەتییەکی میدیاییە، بەڵکو لەبەر هەموو ئەو شتانەیە کە نوێنەرایەتیان دەکات، رێکوپێکی، بیرکردنەوەی بەهێز، زاڵبوون بەسەر سەختییەکان و خۆشەویستیی بێ مەرجی نیشتمان، کریستیانۆ بە رێکی ئەوە بەرجەستە دەکات، کاروانێکی بێوێنەی هەیە، پڕە لە قوربانیدان، خۆتەرخانکردن، ئازار و سەرکەوتن." کریستیانۆ رۆناڵدۆ، زیاترە لەوەی تەنیا یاریزانێک بێت، ئەو نموونەیەکی زیندووی هەموو ئەو شتانەیە کە من باوەڕم وایە بۆ پۆرتوگال پێویستن، کارکردن، شایستەیی، خۆڕاگری و خۆشەویستیی نیشتمان، هەر بۆیە بەڵێ، لۆژیکییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ئەنجوومەنی دەوڵەتدابێت، کاتی ئەوە هاتووە یاساکانی یارییەکە بگۆڕین.

 ئەمانە کۆمەڵێک هۆکاری دیکەن کە تیم ڤیێرا پێی وایە لە رۆناڵدۆدا هەن کە وادەکەن بیر لەوە بکاتەوە ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێ بباتە نێو ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پۆرتوگال لە داهاتوودا.

 کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تەمەنی 40 ساڵە و لە یارییکردن بەردەوامە، ئەم پێشنیازەی تیم ڤیێرا لەکاتێکدایە، رۆناڵدۆ دوو رۆژ لەمەوبەر درێسێکی تایبەتی خۆی لە رێگەی ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپاوە بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نارد و گوتی "من لە پێناو ئاشتیدا یاری دەکەم."

سەرچاوە: ڕووداو