هەواڵێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، یانەی بارسێلۆنا گرنگی بە تواناکانی یاریزانێک دەدات کە لە چامپیۆنزلیگدا بووە هۆکاری کرانە دەرەوەی یانەکە.

تەمووزی 3, 2025 - 11:42
هەواڵێکی زۆر چاوەڕواننەکراو بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا، دێنزێل دومفرایس، ئەستێرەی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەی ئینتەرمیلان لە پلانەکانی یانەی بارسێلۆنادایە و یانەکە کار بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەکات.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەرگریکارە هۆڵەندییەکە دوای ئەوەی وەرزی رابردوو هیچ دەستکەوتێکی لەگەڵ ئینتەر نەبردەوە و سێ نازناویان لەدەستدا، بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە دەکات.

 هەرچەند تاوەکو ئێستا گفتوگۆی فەرمی دەستی پێنەکردووە، بەڵام کارگێڕیی بلاوگرانا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دارایی یانەکە دەکات بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی دەستپێبکات.

 دومفرایس، تەمەنی 29 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ نیرازۆری لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت، نرخەکەی ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 35 ملیۆن یۆرۆ و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی 25 ملیۆن یۆرۆیە.

بیرکردنەوەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی بەرگریکارە هۆڵەندییەکە لەکاتێکدایە، ئەو یاریزانە رۆڵی گەورەی بینی لە کرانە دەرەوەی یانەکە لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا، کاتێک لە یاریی چووندا دوو گۆڵ و ئاسیستێکی هەبوو و لە یاریی گەڕانەوەشدا دوو ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کرد.

سەرچاوە: ڕووداو