کیم جۆنگ ئون لەگەڵ شی و پووتین لە چین ئامادەی نمایشێکی سەربازیی گەورە دەبێت

کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور ئەمڕۆ سێشەممە، گەیشتە پەکینی پایتەختی چین. بڕیارە لەوێ شانبەشانی شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە ئاهەنگ و نمایشی سەربازیی گەورە بە بۆنەی 80ـەمین ساڵیادی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، بەشدار بێت.

ايلول 2, 2025 - 09:38
کیم جۆنگ ئون لەگەڵ شی و پووتین لە چین ئامادەی نمایشێکی سەربازیی گەورە دەبێت
 
نماییشە گەورەکە رۆژی چوارشەممە لە گۆڕەپانی تیانانمێن لە پەکین بەڕێوەدەچێت و چین هێزی سەربازیی خۆی نمایش دەکات، کە رێپێوانی سەربازان، فڕینی فڕۆکە و نمایشکردنی چەکە هەرە گەورە و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت.
 
لە سییەکان و چلەکانی سەدەی رابردوو، ملیۆنان هاووڵاتی چینی لە جەنگێکی درێژخایەندا لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن کوژران. دوای ئەوەی ژاپۆن لە ساڵی 1941 هێرشی کردە سەر بەندەری پێرڵ، جەنگەکە بووە بەشێک لە جەنگی دووەمی جیهانی.
 
چین دەڵێت، ئامانج لە نمایشەکە، پێشاندانی یەکڕیزییە لەگەڵ وڵاتانی دیکە. ئەمە یەکەمجار دەبێت، کیم لە یەک بۆنەدا لەگەڵ شی و پووتین ببینرێت.
 
ئاژانسی یۆنهاپی کۆریای باشوور بە پشتبەستن بە رادیۆی فەرمیی کۆریای باکوور (KCBC) رایگەیاند، شەمەندەفەرە تایبەتەکەی سەرکردەی کۆریای باکوور بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە چووەتە نێو خاکی چینەوە.
 
وێنەکان کە رۆژی سێشەممە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمیی کۆریا (KCNA) بڵاوکراونەتەوە، نیشانیدەدەن کە کیم کە لە دەرەوەی شەمەندەفەرە سەوزە خێراکەی جگەرە دەکێشێت، لەگەڵ چۆی سۆن هوی، وەزیری دەرەوە و جۆ یۆنگ وۆن، یاریدەدەری نزیکی.
 
وێنەیەکی دیکە کیم پیشان دەدات کە لەنێو شەمەندەفەرە رازاوەکەیدا کە بە دار رووپۆشکراوە، لەبەردەم ئاڵا و دروشمی نیشتمانیی کۆریای باکووردا بزە دەکات.
 
بەگوێرەی ئاژانسی KCNA، هەردوو وێنەکە رۆژی دووشەممە گیراون.
 
سوو کیم، راوێژکاری مەترسییە جیۆسیاسییەکان و شیکەرەوەی پێشووی CIA دەڵێت، دەرکەوتنی کیم لە چین "پەیوەندیی سێقۆڵیی چین-رووسیا-کۆریای باکوور بۆ رای گشتی بە فەرمی دەخاتەڕوو".
 
کیم لە ساڵی 2018 لەسەر ئاستی باڵا دەستی بە قۆناخێکی کورتی دیپلۆماسیی کرد و سێ جار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سێ جاریش لەگەڵ موون جەی ئین، سەرۆکی کۆریای باشوور کۆبووەوە.
 
سەرۆکی کۆریای باکوور دوای شکستهێنانی لووتکەیەک لەگەڵ ترەمپ لە هانۆیی پایتەختی ڤێتنام لە ساڵی 2019، لە گۆڕەپانی جیهانی کشایەوە.
 
بە درێژایی پەتای جیهانیی کۆرۆنا، کیم لە کۆریای باکوور مایەوە، بەڵام لە ساڵی 2023 لە دوورترین ناوچەی رۆژهەڵاتی رووسیا چاوی بە پووتین کەوت.
 
سەرچاوە: ڕووداو