بەشێک لە سەرکردەکانی جیهان، لە نێویاندا کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، لە پایتەختی چینن بۆ ئەوەی سبەی چوارشەممە، بەشداری لە ئاهەنگ و نمایشێکی سەربازیی گەورە بکەن.
پووتین لە کۆبوونەوەکەیدا کە لە میدیاکانەوە بە شێوەی راستەوخۆ پەخشکرا، بە شی جینپینگی گوت: "پەیوەندییە نزیکەکانمان رەنگدانەوەی سرووشتیی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی رووسیا و چینە، کە ئێستا لە ئاستێکی بێوێنەدان."
وەک ئاماژەیەک بۆ هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا، پووتین گوتی: "ئێمە ئەوکات هەمیشە پێکەوە بووین و ئێستاش پێکەوەین".
شی جینپینگ ئەم هەفتەیە دەستی بە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیپلۆماسی کردووە، لەنێویاندا بەشداریکردن لە لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی شانگەهای (SCO) لە شاری تیانجینی باکووری وڵاتەکەی، کە چین ئەو هاوپەیمانییە وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستمەکانی رۆژئاوا دەبینێت.
نمایشە سەربازییەکەی رۆژی چوارشەممە یادی 80 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی دەکاتەوە و نزیکەی 24 سەرکردەی جیهان تێیدا بەشدار دەبن.
سەرچاوە: ڕووداو