دیمەشق: شەرع و نێردەی ئەمریکا جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە دەکەنەوە

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمار و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رۆژی شەممە لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبوونەتەوە و هەردوو لا جەختیان لە "گرنگیی جێبەجێکردنی" رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووەتەوەوە.

ئارەی 25, 2025 - 09:19
دیمەشق: شەرع و نێردەی ئەمریکا جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەسەدە دەکەنەوە

 راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، شەرع و شەیبانی لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا باسیان لە لابردنی سزاکانی سەر دیمەشق، وەبەرهێنان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل و لەنێوبردنی چەکی کیمایی سووریا کردووە. سەرۆکایەتیی کۆماریی سووریا دەڵێت: "لە تەوەرێکی تایبەتدا، هەردوو لا جەختیان لە پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ هەسەدە کردەوە کە گەڕانەوەی سەروەریی حکومەتی سووریا بەسەر تەواوی خاکی سووریدا گەرەنتی دەکات، هەروەها باسیان لە میکانزمی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت کرد، بە جۆرێک کە خزمەت بە یەکڕیزی و سەروەریی نیشتمانی بکات."

 هەسەدە و دیمەشق لە 10ـی ئاداری ئەم ساڵ، رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئەوەی لە بەرامبەر داننان بە مافەکانی کورد، دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بخرێنە سەر حکومەتی نوێی سووریا، کە لە دوای رووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی پار، لە لایەن گرووپە چەکدارە ئیسلامییەکانەوە، دیارترینیان دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی شەرع، پێکهێنراوە.

 قامشلۆ و دیمەشق تاوەکو ئێستا لەسەر چارەنووسی هەسەدە رێککنەکەوتوون کە رێکخراوترین هێزی سووریا و رۆژئاوای کوردستانە، خاوەنی زیاتر لە 100 هەزار شەڕڤانە و هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکایە لە شەڕی دژی سەرهەڵدانەوەی داعش.

خاڵی ناکۆک ئەوەیە کە هەسەدە داوا دەکات وەک هێزێک بەم تایبەتمەندی و پێکهاتەیەی ئێستا هەیەتی، بکرێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری، بەڵام دەسەڵاتدارانی سووریا داوا دەکەن هێزەکە هەڵبوەشێنرێتەوە و شەڕڤانان تاک بە تاک ببنە ئەندامی وەزارەتەکە. تۆم باراک، راوێژکاری دێرینی ترەمپ، هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرە، رۆژی هەینی وەک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەستبەکار بوو.

نێوەڕاستی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ لە ریازی سعودیە رایگەیاندبوو، واشنتن سزاکانی سەر سووریا لادەبات. رۆژی هەینی، واشنتن بۆ ئەو مەبەستە، یەکەمین هەنگاوی نا و سزاکانی لەسەر سووریا کەمکردنەوە. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە راگەیێندراوی رۆژی یەکشەممەیدا ئاماژە بەوە دەکات، شەرع بۆ باراکی پشتڕاست کردووەتەوە کە "سزاکان هێشتا بارێکی گرانن لەسەر گەلی سووریا و هەوڵەکانی بووژانەوەی ئابوورییان پەکخستووە."

 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "نێرردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی دەستی بە رێکاری کەمکردنەوەی سزاکان کردووە، بۆ ئەوەی بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جێبەجێ بکات و تا هەڵگرتنەوەی تەواوی سزاکان، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت."

 دۆناڵد ترەمپ لە 13ـی ئایار "راگرتنی" سزاکانی ئەمریکای راگەیاند کە ئامانجیان سەرکردەکانی پێشووی سووریا بوو و مێژووی دەستپێکیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1979. بۆ هەڵگرتنی هەمیشەیی، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا دەبێت داوا لە حکومەتی نوێی سووریا بکەن مەرجە ئەمنییەکان جێبەجێ بکات یان نا. سەرۆکەکانی ئەمریکا بەدرێژایی چەندین ساڵی رابردوو سزایان بەسەر بنەماڵەی ئەسەددا سەپاند. ئەو سزایانە دەکرێت خێرا لە رێگەی فەرمانی جێبەجێکارییەوە لاببردرێن، بەڵام کۆنگرێس هەندێک لە تووندترین رێوشوێنەکانی سەپاندووە و دەبێت خۆی بە شێوەیەکی هەمیشەیی لایانبدات.

 رۆژی شەممە، دیپلۆماتە ئەمریکییەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا، کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی سووریا بە "مێژوویی" ناوبرد و رایگەیاند: "جەختم کردەوە کە هەڵگرتنەوەی سزاکانی دژی سووریا سەلامەتیی ئامانجی سەرەکیمان دەپارێزێت، کە ئەویش بەزاندنی بەردەوامی داعشە، هەروەها دەرفەتی داهاتوویەکی باشتر بە خەڵکی سووریا دەدات."

 باراک هەروەها نووسیویەتی: "ستایشی سەرۆک شەرعم کرد لە بەرامبەر هەنگاونانی واتادار بەرەو جێبەجیکردنی خاڵەکانی سەرۆک ترەمپ لە بارەی تیرۆرستانی بیانی، بەرەنگاربوونەوەی داعش، پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و کەمپ و ناوەندەکانی دەستبەسەردا گرتن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا،" کە ئەمانە ئەو مەرجانە بوون کە سەرۆکی ئەمریکا لە بەرامبەر لابردنی سزاکاندا داوایکردوون.

سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا باس لەوە دەکات، شەرع و باراک باسیان لە "هاوئاهەنگیی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە هەرێمییەکان، لەنێویاندا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پاراستنی سنوور و بەهێزکردنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە" کردووە. هەروەها "هەردوو لا تاوتوێی بابەتی چەکی کیمیاییان کرد و هاوڕابوون کە دەبێت بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەمووی لەنێوببردرێت."

سەرچاوە: ڕووداو