عێراق بڕیاریدا؛ هەموو پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون 50%ـی کارەباکەى بە وزەى خۆر بێت

حکومەتى عێراق بڕیاریدا هەر پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون لە عێراق دروست بکرێت، دەبێت لانیکەم 50%ـی کارەباکەى لە رێگەى وزەى خۆرەوە بەرهەم بهێنرێت.

شوبات 17, 2025 - 16:02
عێراق بڕیاریدا؛ هەموو پڕۆژەیەکى نیشتەجێبوون 50%ـی کارەباکەى بە وزەى خۆر بێت

ئەو بڕیارە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى هاوئاهەنگیى پیشەسازیى عێراق دراوە، کە یەکشەممە 16ى شوباتى 2025، بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى کرا. بەگوێرەى بڕیارەکە، دەستەى نیشتمانیى وەبەرهێنان پەیوەستکرا بەوەى لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوونى شوقە و خانوو، سیستمى پانێڵى وزەى خۆر دابنێت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، بەشێوەیەک کە لانیکەم 50%ـی کارەباى ئەو پڕۆژانە دابین بکات، لەگەڵ بەکارهێنانى مادەى سارد و گەرمبڕ لەو پڕۆژانە دا. وەزیرانى نەوت، کارەبا، پیشەسازی و دارایی دیارترین ئەندامى ئەنجوومەنى هاوئاهەنگى پیشەسازیی عێراقن. ئەو ئەنجوومەنە بڕیاریدا ئاسانکاری بۆ دامەزراندنى کارگەکانى کانزاى بە بەهاى وەک زێڕ و خشڵ و کەرەستەى جوانکارى لە ناوخۆدا بکات، هەروەها بڕیاردرا چاودێریى هەناردەى زێڕ بکرێت لە رێگەى رێکارەکانى بانکى ناوەندیى عێراقەوە.

سەرچاوە: ڕووداو