ئێران رەتیدەکاتەوە لەسەر پرسی ئەتۆم دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات
بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە لەسەر پرسی پڕۆگرامی ئەتۆم دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکەن و ئاماژە بەوەش دەکەن، تاران لە بەرامبەر 'سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار'ی ئەمریکا چۆک دانادات.

رۆژی سێشەممە 25ی شوباتی 2025 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی پێشوازیکردنی لە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە تاران، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "تاوەکو سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هیچ ئەگەرێکی دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان ئێمە و ئەمریکا لەسەر پرسی ئەتۆم نابێت." رۆژی 4ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بۆ جێبەجێکردنی 'سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار'ی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران واژۆ کرد. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "لەسەر پرسی دانوستاندنی ئەتۆمی، هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر روونە. ئێمە لەژێر گوشار، هەڕەشە و سزا خستنەسەر، دانوستاندن ناکەین." عەباس عێراقچی زیاتر لەبارەی پرسی ئەتۆم گوتی، "لەسەر پرسی ئەتۆم، ئێمە لەگەڵ دۆستەکانمان لە چین و رووسیا هاوئاهەنگی دەکەین." لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی دژی ئێران پەیڕەو کرد و ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران کشاندەوە، کە کۆتوبەندی تووندی لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دانابوو. تاران تاوەکو کشانەوەی واشنتن پابەندی رێککەوتنەکە بوو، بەڵام دواتر دەستی کرد بە پاشەکشە لە پابەندییەکانی. هەوڵەکان بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 لەو کاتەوە سەرکەوتوو نەبوون، بەرپرسانی ئەورووپا چەندین جار نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لە پابەندنەبوونی تاران بە نێوەڕۆکی رێککەوتننامەکە. رۆژی 24ی مانگ، ئێران لەگەڵ هەریەکە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا گەڕێکی دیکەی دانوستاندنیان لەبارەی رێککەوتنەکە ئەنجامدا.
سەرچاوە: ڕووداو